دارایی ژمێریارەکان ئاگادار دەکاتەوە


نەتەوە  |   18:21:39 2018-06-13  |   (791) جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "ھەر ژمێریارێک رێژەی پاشەکەوتی گۆڕیبێت، ئەو زیادەیەی لە مووچەی فەرمانبەرەکە بڕدراوە ناگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانرێت رێژەی پاشەکەوتەکەی بۆ چاک بکرێتەوە".
A+    A-


حەسەن رەشید بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی رایگەیاندووە: "بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتی دارایی، سەرەمووچەی ئەمساڵ بۆ فەرمانبەرانی شارستانی، مووچە زیاد دەکات، بەڵام نابێتە ھۆکار بۆ گۆڕینی رێژەی پاشەکەوتی مووچەو وەکو خۆی دەمێنێتەوە".

 

لەوبارەیەشەوە لە پەیامێکیدا بۆ ژمێریاران بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "ھەر ژمێریارێک رێژەی پاشەکەوتەکەی گۆڕیبێت، ئەو زیادەیە (جیاوازییەکە)ی لە مووچەی فەرمانبەرەکە بڕدراوە ناگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانرێت بۆ مانگی دواتر، رێژەی پاشەکەوتەکەی وەک پێش پێدانی سەرەمووچەکەی لێ بکرێتەوە".

 

ئاماژەشی بەوە داوە، لە گەنجینەی یەکی سلێمانی، لەکاتی وردبینی لە لیستی مووچەدا، رووبەڕووی حاڵەتێکی لەو شێوەیە نەبوونەتەوە.

 

لای خۆیشیەوە، عومەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاندووە "بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی دارایی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەریکردووە، ھەر فەرمانبەرێک جیاوازیی مووچەی ھەبێت بەزیاد یان بە کەم و مووچەی وەرگرتبێت، دەتوانرێت پارەکەی بۆ خەرج بکرێت، بەڵام دەبێت بە لیستێکی جیا لە لیستی مووچە بێت".

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە "ئەو رێنماییە بۆ ئەو کەسانەیە کە بەھەڵە مووچەیان بۆ بەستراوە".

 

بەگوێرەی رێنمایی ژمارەی (٧)ی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش کە رۆژی 2018/4/5 دەرچووە، فەرمانبەرانی راژەی شارستانی کە سەرەمووچەی ساڵی 2018 یان بۆ دەبەسترێت، ئەگەر ببێتە ھۆی گۆڕینی رێژەی پاشەکەوتی مووچەو زیادکردنی، ئەوکاتە مووچەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە، واتە بەھەمان رێژەی پێش پێدانی سەرە مووچەکە پاشەکەوت لە مووچەکەی دەکرێت.
















زۆرترین بینراوەکان