قایمقامی هەولێر پلانی جەژن و ئامارەکانی مانگی ڕەمەزانی ڕاگەیاند


نەتەوە  |   14:09:01 2018-06-13  |   (100) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، هه‌ریه‌ك له‌ قایمقامی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی هه‌ولێر، پلانی "رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زانیان" ئاشكرا كرد، هاوكات دڵنیاییش ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتیان.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یرانی 2018 نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی هه‌ولێر رایگه‌یاند، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ 90 چێشتخانه‌ و رێستورانت كراوه‌ و ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت بۆ رۆژانی جه‌ژن به‌ڕووی گه‌شتیاراندا كراوه‌ بن و هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌ گه‌ر سه‌رپێچی بكات گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌.


ناوبراو وتیشی "پێشبینی ده‌كرێت، 500 ئۆتۆمبێلی گه‌شتیار بێنه‌ هه‌ولێر و سه‌رجه‌م هۆتێله‌كانیش له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌ گیراون كه‌ ژماره‌یان 450 هۆتێلی گه‌شتیارییه‌ كه‌ توانایان هه‌یه‌ 38 هه‌زار كه‌س تێیدا بمێنێته‌وه‌".


لای خۆشیه‌وه‌ عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر له‌باره‌ی پلانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بۆ رۆژانی جه‌ژن ته‌واوی هێزه‌كانی پۆلیس دابه‌شكراون و له‌ئه‌ركدا ده‌بن، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویسته‌ هاووڵاتیان له‌كاتی ده‌رچوونیان بۆ گه‌شت و سه‌یران و سه‌ردانی خزم و كه‌سوكاریان، پاره‌ و زێر له‌ماڵه‌وه‌ بەجێنه‌هێڵن.


وتیشی "له‌سه‌رجه‌م شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و كۆڵان و بازاڕه‌كان تیمی پۆلیسی تایبه‌ت داده‌نرێت و ئه‌مساڵیش ئاسانكاری زۆر كراوه‌ بۆ گه‌شتیاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی بێنه‌ ناو شاری هه‌ولێر و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان".


هاوكات هێرش ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی هه‌ولێر رایگه‌یاند، بۆ رۆژانی جه‌ژن زیاتر له‌ 40 كامێرای چاودێری له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان داده‌نرێت بۆ چاودێریكردنی تیژلێخوڕینی ئۆتۆمبێل. 


وتیشی "له‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی رابردوودا 750 ماتۆڕسكیل ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و له‌ رۆژانی جه‌ژنیشدا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رده‌وامده‌بێت و به‌تایبه‌ت ئه‌و ماتۆڕانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت كه‌ ده‌نگیان گه‌وره‌یه‌ و هاووڵاتیان بێزارده‌كه‌ن"، روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر شۆفێرێك كێشه‌ی هاتوچۆی هه‌بێت له‌ رۆژانی جه‌ژندا ده‌توانێت په‌یوه‌ندی بكات به‌ ژماره‌  188ی هێڵی گه‌رمی هاتوچۆی هه‌ولێر.


هه‌روه‌ها قایمقامی هه‌ولێر ئاشكرایده‌كات، به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا 95 بازرگان و خاوه‌ن كۆگا ده‌ستگیر كراون و 33 تەن خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و 150 سه‌ردانی مه‌یدانیش بۆ ناو بازاڕ و كۆگاكان و شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌نجامداوه‌.


وتیشی "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانانه‌  130سه‌رپێچی تۆمار كراون، كه‌ له‌وانه‌  15شوێنی فرۆشتنی گۆشت و كه‌لوپه‌لی خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو داخراون و به‌ بڕی 500 هه‌زار تا یه‌ك ملیۆن دینار سزادراون 33 تەن كاڵای ماوه‌به‌سه‌رچووش ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و بڕی ئه‌و پاره‌یه‌شی له‌و بازرگان و دوكاندارانه‌ وه‌رگیراون 17 ملیۆن دینار بووه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچی 115 ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆتاییان داوه‌ته‌ شوێنه‌كانی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی خۆراك و كۆگاكان و رێستۆرانت و چێشتخانه‌كان كه‌ گه‌ر پابه‌ند نه‌بن به‌ رێنماییه‌كان ئه‌وا شوێنه‌كانیان به‌ یه‌كجاری داده‌خرێت.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون ژماره‌یان 95 كه‌سه‌ و حه‌وت ئۆتۆمبێلیش ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و 33 تاقیگه‌ی ده‌رمانیش داخراون و 3 خانووی زیاده‌ڕەویش روخێنراون.


نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتیشی "له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا سه‌ردانی گرتووخانه‌كانی هه‌ولێرمان كردووه‌ ده‌ركه‌وت كه‌موكوڕی زۆر له‌ گرتووخانه‌كان هه‌یه‌ و راگیراوه‌كان نیگه‌رانی خۆیان له‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ناو گرتووخانه‌كان هه‌بووه‌".


قایمقامی هه‌ولێر ده‌شڵێت "لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ كراوه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئیدارەی گرتووخانه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌".

 
















زۆرترین بینراوەکان