هه‌رێم.. کارکردنی تەکسی دەکرێتە تاک و جووت


نەتەوە  |   13:06:48 2018-06-13  |   (821) جار خوێندراوەتەوە

بەپێی پڕۆژەیەکی حکوومەتی ھەرێم، بڕیارە "کارکردنی تەکسی بکرێتە تاک و جووت"، به‌پرسێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ورد ده‌خاته‌ڕوو.
A+    A-

 

سەڵاح جەوھەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی زەمینی و ھێڵی ئاسنی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، پڕۆژەیەکیان لەبەر دەستە بۆ رێکخستنی کاری تەکسییەکان لە ھەرێمی کوردستان، كە خەریکە دەگاتە قۆناخی تەندەر. 


ناوبراو وتیشی: پڕۆژەكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تەکسیی تەلەفۆنی دروست بکرێت، بەڵام ژمارەی تەکسییەکانمان ئەوەندە زۆرە لەوانەیە کۆمپانیاکان نەتوانن ھەموویان لەخۆ بگرن، بۆ ئەوەی زۆرترین شوفێر لە پرۆژەکە سوودمەند بن، داوا لە کۆمپانیاکان دەکەین بە تاک و جووت کاریان پێ بکەن.


رونیشیكرده‌وه‌، پڕۆژەکە بەھۆی ھەندێک ھۆکاری تەکنیکی و ئیداری دوا کەوتووە، بەڵام ھەوڵ ھەیە لە داھاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،لەبەر زۆریی تەکسی لە ھەموو شارەکان، ھەوڵ ھەیە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کاری تەکسییەکان بکرێتە تاک و جووت، رۆژێک ئەوانەی ژمارەیان تاکە کار بکەن و رۆژێکیش ئەوانەی ژمارەیان جووتە، ئەوە وا دەکات قەرەباڵغی کەم بێتەوە و ئۆتۆمبێلیش ھیلاک نەبێت، ھەروەھا ھەلی کاری تاکسییەکان زیاتر دەبێت و زۆرتریان دەست دەکەوێت.


سەڵاح جەوھەر له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌نامه‌ی "باس" ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەو بڕیارە دەکەوێتە دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی تەکسیی تەلەفۆن و ئەو پڕۆژەیە بە شێوەی زۆرەملێ ھەموو تەکسییەکان دەگرێتەوە، چونکە ئەگەر وا نەبێت ئەوە سەرکەوتوو نابێت.

 

باسی له‌وه‌شكرد، مۆڵەت ھەیە بۆ کۆمپانیاکانی بواری تەکسی لە کوردستان، بەڵام پێی وایە ئەوە چارەسەری کێشەکە ناکات، هه‌روه‌ها لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانە چەند سەد تەکسییەک لەخۆ دەگرن، بەڵام ئەوە چارەسەری ئەو ژمارە زۆرەی تەکسی ناکات کە ھەیە.


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە ئاشکرای دەکات، زیاتر لە ٨٠ ھەزار تەکسی لە کوردستاندا ھەیە، وتیشی: "ئەگەر بە زیادەوەش ئەژماری بکەین، ئەوە تەنیا پێویستمان بە ٣٠ ھەزار تەکسی ھەیە و ٥٠ ھەزارەکەی تر ھەمووی زیادەیە، بۆ نموونە تەنیا لە ھەولێر ٤٠ ھەزار تەکسی ھەیە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە و پێویستە کەم بکرێتەوە".


رونیشیكرده‌وه‌، ئەگەر رۆژانە ھەر تاکسییەک ١٥ لیتر بەنزین بسووتێنێت، ئەوە رۆژانە یەک ملیۆن و ٢٣٠ ھەزار لیتر بەنزین دەسووتێنن، لە زۆربەی وڵاتاندا کاری تاکسی لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بە سیستەم کراوە، ھاووڵاتییان بە نرخێکی دیاریکراو و لەنزیکترین شوێنی کار یان مانەوە تاکسییان دەست دەکەوێ، ھەروەھا شوفێرانی تاکسی بەنزینێکی زۆر بەخۆڕایی خەرج ناکەن و تەمەنی ئۆتۆمبێلەکانیشیان درێژتر دەبێتەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان