بەغدا باج لەسەر ھاوڵاتیانی ھەرێم زیاد دەکات


نەتەوە  |   12:47:13 2018-06-12  |   (1,216) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی باج ئاشکرای دەکەن، بەغدا دەیەوێت سیستەمی باج بە مەرکەزی بکات، بۆ هۆیه‌شه‌وه‌ زیانی زۆر بەر ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکەوێت.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەکرەم ساڵح، بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی دھۆک رایگەیاند، گفتوگۆ ھەیە بۆ ئەوەی باجی ھەرێمی کوردستان و عێراق یەکبخرێن، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، لەنێوان رێنماییەکانی ھەرێم و عێراق جیاوازیی زۆر ھەیە، یاسا و رێنماییەکانی کوردستان بۆ ھاووڵاتییان باشترن، ئەوەی بەغدا ئەرکی ھاووڵاتیان قورستر دەکات.


ناوبراو روونیشیكردەوە، بەپێی دەستووری فیدڕاڵی، ھەرێم بۆی ھەیە باج و رسووماتی خۆی ھەبێت، وتیشی: "لە ئەمەریکا، کە وڵاتێکی فیدڕاڵییە، باج لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازە، بۆیە ئەوەی لەنێوان ھەرێم و ناوەندیش ھەیە ناکۆکیی دەستووری نییە، بەڵام بەغدا لێکدانەوەی خۆی بۆ دەکات".


ئه‌و بەرپرسەی باج پێیوایه‌، "ھەر پارێزگایە و رێنماییەکی تایبەت بە باجی ھەبێت، ھەندێک بابەت ھەیە جۆری باجەکەی لە شارێک بۆ شارێکی تر بەھای جیاوازی ھەیە، بۆیە پێویست ناکات ھەموو ھەرێمی کوردستان وەکوو یەک بێت، کەواتە ئەگەر ھەوڵ بدرێت و ئەوەی ھەرێمی کوردستانیش وەکوو عێراق لێ بکرێت، شتێکی خراپە و لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییاندا نییە”.


ئەکرەم ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جیاوازیی زۆر لە چۆنیەتیی خەمڵاندنی باج و پارەی ساڵانە و لێبوردن لە باج لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە، بۆ نموونە، لە کاتی بەناوکردنی پارچە زەوییەک لێبوردن لە باج ھەیە و ھەروەھا بۆ خانووبەرەش دەتواندرێت داوای بەخشین بکرێت، بۆ کەسوکاری شەھیدانیش لێبوردن ھەیە، بەڵام ئەگەر بخرێتە سەر بەغدا ئەوانە نامێنن.


لای خۆشیه‌وه‌ کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەتی حکوومەتی ھەرێم له‌ لێدوانێكدا بۆ هه‌فته‌نامه‌ی "باس" رایگەیاندوه‌، کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ یەکخستنەوەی یاسا و رێنماییەکانی باج لەنێوان ھەردوو لادا، بڕیار وایە یاسا و رێنماییەکانی باج لەنێوان ھەردوو لادا یەکبخرێن، بەڵام ئەو بابەتە دەوەستێتە سەر رێککەوتنی سیاسی و ھەندێک کاتی پێویستە.


دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئەگەر سیستەمی باجی ھەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بەغدا، ھاووڵاتییانی کوردستان زیان دەکەن، ئەرکی سەرشانی ھاووڵاتییانی ئێمە قورس دەکات، چونکە لە کوردستان پەرلەمان یاساکانی باجی ھەموار کردووەتەوە و باجی کەم کردووەتەوە و وەکوو بەغدا نییە".


باسی له‌وه‌شكرد، بۆ نموونە یەکێک لە بەغدا مووچەکەی ٢٠٨ ھەزار دینار بێت ٥% باجی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە کوردستان ئەوەی مووچەی لە یەک ملیۆن زیاتر بێت ئینجا باجی لێوەردەگیرێت، لە بوارەکانی تریش وەکوو خانووبەرە و باجی پیشە لە بەغدا زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ھەرێم".


جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ھەوڵ دەدەن یاسا و رێنماییەکانی ھەرێم بمێننەوە، بەڵام ھەموو شتێک بە ھەوڵدانی ئەوان نابێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان