ئەگەر زۆرە مووچەی ناوخۆو پێشمەرگەش پێش جەژن دابەش بكرێت


نەتەوە  |   17:29:39 2018-06-10  |   (4,814) جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕوان دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان، حكومەتی عیراق 317 ملیار دیناری مووچە رەوانەی هەرێم بكات، وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئاشكرای دەكات ئەگەر سبەینێ پارەكەی بەغدا بگاتە هەرێم، تا رۆژی پێنجشەممە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەش دابەش دەكەن.
A+    A-


فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق، لە لێدوانێكیدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی-ی راگەیاندووە: ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/6/10 پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی عیراقەوە كردووەو پێیان راگەیاندووە کە بڕیارێك هەیە پێش جەژن بڕی 317 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكرێت.

 

بەوتەی ناوبراو: "تائێستا پارەكەیان رەوانە نەكردووە، بەڵام ئومێد دەکرێت کە رەوانەی بكەن".

 

بەگوێرەی چەند زانیارییەکیش کە ئەو سایتە رایگەیاندووە کە گوایە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە دەستیكەوتووە:  "ماوەی هەفتەیەك داوا لەبەغدا كراوە پێش جەژن پارەی مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكات، بۆئەوەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشبكرێت و ئێستاش چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو پارەیە دەكەن، بۆئەوەی مووچەی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە لەپێش جەژندا دابەشبكەن.

 

روونیشکراوەتەوە کە خەرجكردنی پارەكە هەندێك رێوشوێنی پێویستە، ئەگەر سبەینێ بگاتە هەرێم، ئەوا دەتوانن تا رۆژی پێنجشەممە مووچەی ئەو دوو وەزارەتەش دابەش بكەن، بەڵام ئەگەر پارەكە درەنگ بگاتە هەرێم، دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە و ناوخۆ دەكەوێتە دوای جەژن.
















زۆرترین بینراوەکان