پەنابەرێک لە ئەڵمانیا دەستدرێژی دەکاتە سەر کچێکی 14 ساڵ 


نەتەوە  |   15:07:33 2018-06-08  |   (3,747) جار خوێندراوەتەوە

پەنابەرێکی عێراقی کە دەگوترێت کوردە لە ئەڵمانیا دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر کچێکی 14 ساڵ و دواتر "دەیکوژێت"، پاشان لە ئەڵمانیا رادەکات، پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ش ئاشكرای ده‌كات، لە هەولێر دەستگیرکراوە و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکات.
A+    A-

 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا ئەو پەنابەرە عێراقییە تەمەنی 20 ساڵە و ناوی عەلی بەشارە، تۆمەتباری سەرەكییە بە دەستدرێژی سێكسی و کوشتنی كچێكی ئەڵمانی جوولەكە بە ناوی سوزانا فێلدمان.


ماوەی دوو رۆژەی وێنەی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بڵاودەکرێتەوە، پولیسی ئەڵمانیا دەڵێت، رۆژی 2/6/2018 عەلی لەگەڵ خێزانەكەی كە لە 8 كەس پێكدێن (دایک و باوکی و پێنج خوشک و براکەی) بە ناوی دیكە و بە پاسپۆرتێكی عێراقی بۆ یەك سەفەر (جواز مروور) لە دۆسلدۆرفەوە چوونەتە ھەولێر. 


دەوترێت تۆمەتبارەکە و کچە کوژراوەکە پەیوەندی خۆشەویستییان هەبووە، دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر، کوشتوویەتی، بەڵام پۆلیس دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەم کچە بەهۆی ئایینەکەیەوە کوژرابێت. 


عەلی بەشار کە تاوانبارە بە کوشتنی سوزانا فێلدمان، لە تشرینی یەکەمی 2015 لە رێگەی تورکیاوە چوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا کردووە، تۆمەتبارەکە پێشتر لەلای پۆلیس ناوی هەبووەو چەند جارێک بە تۆمەتی دزیکردن لەلایەن پۆلیسەوە بانگهێشتکراوە.


لە پرێس كۆنفراسێكدا وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ھۆرست زێھۆفەر رایگەیاند: "ھێزە ئەمنییەكانی كورد لە باكووری عێراق، عەلی بەشاریان دەستگیركردووە و ئێمە سوپاسیان دەكەین، من سوپاسی بەشداریی ھێزە ئەمنییەكانی كورد دەكەم كە ئەم دەستگیركردنەیان ھێنایە ئاراوە".


وتیشی: ئەم سەركەوتنە ئەنجامی ھاوئاھەنگی سەركەوتووی ھێزە ئەمنییەكانی كورد لە عێراق و پۆلیسی ئەڵمانیایە". زێھۆفەر دەڵێت: "رێكارە پێویستەكان لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێنەبەر بۆ ھێنانەوەی عەلی بۆ ئەڵمانیا".

 
هاوكات ھاوكارێكی عەلی لە شاری ڤیزبادن كە كەمپەكەی لێیە بە ماڵپه‌ڕی رووداوی راگەیاند: "پێش ساڵ و نیوێك ئەو كوڕە ھاتووەتە كۆمپانیەكەمان و ئیشی كردووە و خۆی بە خەڵكی زاخۆ ناساندووە".


ئەو گەنجە كوردەی کە خەڵكی باشووری کوردستانە دەڵێت: "پێش چەند رۆژێك بەرپرسی ئیشەكەمان ھاتە لام و پۆلیسی لەگەڵ بوو، وێنەیەكی عەلیان پێشاندام و پرسیاریان كرد دەیناسم یان نە؟ منیش گووتم بەڵێ دەیناسم و خەڵكی زاخۆیە".
















زۆرترین بینراوەکان