لەبارەی دابەشكردنی مووچەی ناوخۆوە زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکرێت


نەتەوە  |   20:34:03 2018-06-07  |   (4,225) جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت: "ئەگەری زۆرە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ بکەوێتە دوای جەژن و ئاشکراشی دەکات کە تائێستا حکومەت وەڵامی یادداشتەکەی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی نەداوەتەوە".
A+    A-

 

قادر رەزگەیی، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: "تا ئێستا حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، وەڵامی یاداشتەكەی ئێمەیان نەداوەتەوە، كە داوامان كردبوو بەرلە جەژن، مووچەی مانگی ئازاری وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەكان دابەشبكرێت.

 

لە لێدوانەکەیدا بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "حكومەتی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەش دەكەن، بەپێی ئەو قسەیەش بێت، بەرلەجەژن مووچەی هێزە ئەمنییەكان نادرێت و دوادەكەوێت، چونكە بەپێی خشتەی مانگی رابردوو، هەفتەی داهاتوو ناگاتە مانگێك كە مووچەی ناوخۆ دابەشكراوە، بۆیە دەكەوێتە دوای جەژن و لەوادەكەی خۆیدا مووچەیان پێ دەدرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشی بەوە داوە، كە لە هەوڵ و بەدواداچوونەكانیان بەردەوام دەبن بۆئەوەی مووچەی تەواوی وەزارەت و دامودەزگاكان دابەشبكرێت و ئاشكراشی دەکات لە داهاتی ناوخۆو فرۆشتنی نەوتیش زیادیكردووەو پارەش لە بەغداوە بە بەردەوامی رەوانە دەكرێت.

 

هەر لەوبارەیەشەوە لیوا سەعید محەمەد راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵیت: بەهۆی ئەوەی مووچەی مانگی شوبات درەنگ دابەشكراوە، چاوەڕوان ناكرێت بەرلە جەژن مووچەی مانگی ئازار وەربگرین.
















زۆرترین بینراوەکان