وه‌زیری دارایی: ده‌ستكاری سیسته‌می پاشكه‌وتی مووچه‌ ده‌كرێت


نەتەوە  |   12:11:15 2018-05-28  |   (9,093) جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، "به‌ په‌سندكردنی پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی خانه‌نشینی ده‌ستكاری سیسته‌می پاشكه‌وتی مووچه‌ ده‌كرێت"، وتيشى: به‌غداش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناردنی بودجه‌ تاوه‌كو رێكه‌وتنی كۆتایی ده‌كرێت، هاوكات نوێترین زانیاری له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێشینه‌كان و سندوقی خانه‌نشینی ده‌خاته‌ڕوو.
A+    A-

 

رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی وئابووری له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی‌، كه ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌كی‌ زۆری‌ به‌فیرۆچوو وده‌ستكاریكردن له‌ سیسته‌می‌ پاشكه‌وتی‌ مووچه‌ كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ مووچه‌خۆران ده‌بێت، له‌به‌ر مادده‌ی‌ سێیه‌م كه ‌تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ وخانه‌نیشنی‌ پله‌ باڵاكان پرۆژه‌ یاساكه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ په‌رله‌مان.


ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان‌ به‌ پێی‌ یاسای‌  ژماره‌ 9 ساڵی‌ 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ خزمه‌تی‌ وه‌زیفیان له‌ پانزه‌ ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له‌ په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن، ئه‌و مادده‌یه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشی‌ تێدابوو، ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سند و كاری‌ پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ زیاد له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێێ یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت."


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "له‌ ناو پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی‌ باس له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین  و ئمتیازاته‌كانی‌ دیكه‌ كراوه‌، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكی‌ بانكی‌ بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئیلتزاماته‌ ماددیه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆی‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌ كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی‌ نێوان حكومه‌ت و مووچه‌خۆران."


رێباز حه‌ملان له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران وچۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه‌ كه‌وتوون، وتی "پاڵپشت به‌ بڕیاری‌ ئەنجومه‌نی‌ وه‌زیران ژماره‌ 56 له‌ 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانی‌ ئه‌حكامی‌ بڕگه‌ (1/أ) له‌ مادده‌ی‌ (19) له‌ یاسایی‌ راژه‌ی‌ شارستانی‌ ژماره‌ (24) ساڵی‌ 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه‌ كه‌ هیچ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌رێم تا په‌سندكردنی‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت، له‌ هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بودجه‌ی‌ په‌سندكراوی‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌ وله‌باره‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌شی‌ ئه‌وكات له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیاری‌ له‌سه‌رده‌درێت."


وه‌زیری دارایی و ئابووری سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی ئێستای حكومه‌تی‌ هه‌رێم و به‌غدا تایبه‌ت به‌ ناردنی مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌خۆران، هێمای بۆ ئه‌وه‌كردووه‌، "ئەم رێکەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌وری‌ گرنگی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم وسه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بوو وله‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دایه‌."


وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه‌ بۆ كه‌رتی ئه‌منی وسه‌ربازی ده‌چێت وتی له سه‌دا 70ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له‌ هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن.


وتیشی: پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان وزیندانیانی‌ سیاسی‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ سیادی‌ عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه.


له باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، داهاتی‌ ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره‌‌، كه‌ كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم  وده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی داخراو كاریگه‌ری‌ زۆری‌ له‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه‌.


رونیشیكرده‌وه‌، داهاتی نه‌وت مانگانه گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت وهه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات ومانگانه 378 ملیار دینار دێته‌ وه‌زارتی داراییه‌وه‌.


وه‌زیری دارایی ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، باسی له‌وه‌كردوه‌، کە له ‌په‌رله‌مانی كوردستان یاسای‌ تایبه‌تی‌ بۆ ده‌رچووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌یڕه‌وێكی‌ بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


رێباز حه‌ملان سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره‌ جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجی‌  داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت  وقه‌رزه‌كانی، دووپاتی كردۆته‌وه‌، له‌ سه‌دا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه‌ و له‌ سه‌دا 65 بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت.


لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان وله‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پارەیه‌ی مانگانە له‌ حكومەتی فیدرالی بۆ هه‌رێم‌ دێت، نزیكەی له‌ سه‌دا 83 بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت، له‌ سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان وله‌ سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له‌ سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت.


وه‌زیری دارایی وئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ داهاتی حكومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌‌ وردبینی بۆ ده‌كرێت، "یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستی‌ نه‌وته كه كۆمپانیای‌ دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌و ورودبینی‌ به‌ سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له‌ هێنانه‌وه‌ وسه‌رفكردنی‌ پاره‌كه. بۆ داهات وخه‌رجییه‌كانی ساڵی‌ 2017 زۆربه‌ی‌ كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و وردبینی‌ له‌ داهات  و خه‌رجییه‌كانی ساڵی‌ 2018 وساڵانی‌ رابردووش ده‌كات.

 
به‌وته‌ی ناوبراو جه‌مسه‌ری‌ دووه‌میش له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وئابوورییه، كۆمپانیای‌ ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجی‌ وداهاته نانه‌وتییه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات‌. وردبینی‌ له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به‌ مه‌رجێك كه‌ كاریگه‌ری‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ هه‌ژار وچینی‌ خواره‌وه نه‌بێت‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ سیسته‌مێكی‌ داتا به‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه‌."


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، گومرگه‌كان "به‌ ئه‌لیكترۆنی‌ ده‌كرێن و ئێستا  كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین  وهه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره‌ فیرودانێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ ودیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌گه‌ڵمانن وتا ئێستا به‌ پشتیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه."


له‌ باره‌ی سه‌پاندنی‌ باج به‌ ‌سه‌ر داهاتی‌ تاكه‌ كه‌س وكۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، کە له‌ هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س وكۆمپانیاكان به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له‌ كه‌رتی حكومی یان تایبه‌ت كاربكات ومووچه‌كه‌ی له‌ ملیۆنێك دینار زیاتر بێت پێویسته‌ به‌ رێژه‌ی له سه‌دا پێنج‌ باج بدات، به‌ڵام تا  ئێستا كاری‌ پێنه‌كراوه‌ و رێژه‌كه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به‌ جۆرێك له‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ی‌ له‌ 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌وا له‌ سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌كه‌ی.


رێباز حه‌ملان سه‌باره‌ت به‌ باجی كۆمپانیاكانیش، وتی له‌ سه‌دا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.


وتیشی: سه‌بارت به چاکسازی دارایی وبانكی وئاسته‌نگ وده‌ستكه‌وته‌كانی ، 88 بانكی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی وده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین.

 

وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازی سیسته‌می بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان وهه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان ونه‌هێشتنی‌ پاره‌ی‌ كاش له‌ بازاڕ وگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پاره‌ بۆ بانك  ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ وڵاتانی پێشکەوتوودا له‌ سه‌دا 80  مامه‌ڵه‌ به‌ سیسته‌می‌ بانكییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق وهه‌رێمی‌ كوردستان له‌ سه‌دا 100 به‌ پاره‌ی‌ كاش مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت وبه‌ هۆیه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه وخۆ دزینه‌وه‌ له‌ باج دروست ده‌بێت. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ كارت بێت ئه‌وا حكومه‌ت ده‌زانێت داهاتی‌ فرۆشیاره‌كان چه‌نده‌ و ده‌توانێت سیستمی‌ باج رێك بخات وكۆنتڕۆڵی باجی‌ كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه‌‌ له‌ رێگه‌ی‌ سیسته‌می‌ كارته‌وه‌ بێت.


رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانی‌ مووچه‌ به‌ كارتی‌ ئه‌لكترۆنی‌ وبه‌ڕێوه‌بردنی‌ كه‌رتی‌ دارایی‌ وبانكی‌ گرنگ ده‌نرخێنێت كه به‌ هۆیه‌وه‌ "به‌شێكی‌ زۆری له‌و كه‌موكوڕییه‌ شاراوانه‌ی‌ هه‌بوون‌ ئاشكرا كراون. بۆنمونه‌ دوو مووچه‌یی‌ ویا ناوی‌ وه‌همی‌ ئاشكرا كراوه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم به ‌بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه‌، زانیاری‌ ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر وخانه‌نشینان هه‌یه‌، بایۆمه‌تری‌ سیسته‌مێكی‌ پێشكه‌وتوه‌ وكاری‌ پێده‌كرێت."


له‌ باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌ بۆ كاری‌ به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیری‌ وخانوبه‌ره‌، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ ساڵانی‌ رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم هاتووه‌. كاتێك بودجه‌ زۆر بووه‌ وبه‌شی‌ مووچه‌ وخه‌رجی‌  وپڕۆژه‌كان‌ كردووه‌ ودراوه‌ به‌و پێشینانه‌ش،‌ هه‌ر كاتێك بودجه‌ی‌ هه‌رێم وه‌ك خۆی‌ لێهاته‌وه‌، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه‌.


رونیشیكرده‌وه‌، "سندوقی‌ خانه‌نیشنی‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی‌ به‌ وردی‌ باسكراوه‌ وپێویسته له‌ سه‌دا 100 جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازی‌ ئێمه‌ وبه‌غدا له‌ نه‌بوونی‌ ئه‌و سندووقه‌یه‌، له‌  به‌غدا هه‌یه‌ وله‌ هه‌رێم نییه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سندوقی‌ خانه‌نیشی‌ هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ی‌ دیكه‌ بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له‌ پاره‌ی‌ سندوقه‌كه‌ ده‌درێت."
 
















زۆرترین بینراوەکان