وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی ئاشكراكرد


رۆژان رەحمان رەسول  |   11:42:57 2018-05-27  |   (5,427) جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ سێ‌ ئاشكراده‌كات و په‌یامێكیش ئاراسته‌ی‌ خوێندكارانی‌ هه‌ردوو قۆناغی‌ (9و 12) ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، "پاره‌ی‌ هاندانی‌ مامۆستایان بۆ ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ دۆخی‌ موچه‌ خراپبوو".
A+    A-

 

پشتیوان سادق وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌میانی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌شاری‌ هه‌ولێر، ده‌ستپێكردنی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ كۆتایی ساڵی‌ ڕاگه‌یاند و وتی: "چوار هه‌زارو 100 هۆڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌گشتیی بۆ هه‌ردوو قۆناغی‌ (9و 12) هه‌یه‌و 25 هه‌زار مامۆستاش پرۆسه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ و چاودێریان له‌ئه‌ستۆدایه‌".


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌موو ڕۆژێك كاتژمێر 8 بۆ 10ی‌ به‌یانی‌ هێڵه‌كانی‌ ئینته‌رنێت نامێنێت واته‌ ته‌نها دوو كاتژمێر له‌ڕۆژێكدا به‌هۆی‌ تاقیكردنه‌وه‌وه‌ هێڵه‌كان نامێنن، تاقیكردنه‌وه‌كانیش دوو هه‌فته‌ ده‌خایه‌نن"، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "بردنی‌ پرسیاره‌كان بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان پارێزراوه‌و هیچ كێشه‌یه‌كی‌ تێدانییه‌".


پشتیوان سادق ڕه‌تیشیكرده‌وه‌، هیچ حاڵه‌تێكی‌ دزه‌پێكردنی‌ پرسیاره‌كانی‌ كۆتایی ساڵ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌بێت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "پرسیاره‌كان زۆر ئه‌مینه‌و ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌، بینیشمان ساڵانی‌ ڕابردوو یه‌كه‌م و دوه‌م و سێیه‌مه‌كان له‌خه‌ڵكه‌ زۆر هه‌ژاره‌كان بوون، ئه‌وه‌شی‌ بڵاوبۆته‌وه‌ ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌یه‌".


وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ و به‌رده‌وامبوونی پاره‌ی هاندان وتیشی: "پاره‌ی‌ هاندان بۆ ئه‌وكاته‌بوو كه‌ موچه‌ خراپ بوو، به‌ڵام ئێستا دۆخی‌ موچه‌ باشبووه‌، بۆ موچه‌ی‌ مامۆستایانیش سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ شه‌ش موچه‌ی‌ مامۆستایان دابه‌شده‌كرێت".

 

له‌ په‌یامێكیشدا بۆ خوێندكاران ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "وه‌كو وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری‌ خوێندكارانی‌ هه‌ردوو قۆناغی‌ 9 و 12 ده‌بین و هاوكارییان ده‌كه‌ین".
















زۆرترین بینراوەکان