دکتۆرە شایان ڕوونکردنەوەیەک بڵاوده‌كاته‌وه‌


نەتەوە  |   12:43:31 2018-05-25  |   (1,395) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌و خانمه‌ دکتۆرەی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو لەشاری هەولێر، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە، "هەواڵی ڕۆژنامەیەک" له‌سه‌ری ره‌تده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت، " کەیسەکەم وەک خۆی قەبوڵ بفەرموون".
A+    A-

 

 دکتۆرە شایان عەسکەری له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ژێر ناونیشانی (کەیسەکەم وەک خۆی قەبوڵ بفەرموون) ئاماژەی بەوە داوە: "لەم ڕۆژانە یەکێک بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە کردم و داوای کرد لە شوێنی کارەکەم سەردانم بکات، منیش وتم فەرموو.

کە هات، وێنەی گرتم و دەستی کرد بە پرسیارکردن، وتم ئەو پرسیارانە بۆچی دەکەیت؟ وتی هەر بۆ خۆم، منیش بڕوام پێ کرد!. دوای ڕۆژێک، یەکێکی کە پەیوەندی پێوە کردم و وتی ئەو شتانەی کە لە فڵان ڕۆژنامە ئاماژەت پێ کردووە، ڕاستن؟ وتم کام ڕۆژنامە و کەی و چی وتراوە؟ بەلامەوە سەیر بوو، چونکە چاوپێکەوتنم نەکردبوو".


باسی لەوەشکردووە، کە پاش ئەوەی ڕۆژنامەکەی خوێندووەتەوە، هەر لە مانشێتەوە "موبالەغەی تێدا کرابوو" و وه‌ك تێبینیی ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند خاڵێك داوه‌ كه‌ بریتین له‌:


١- من هەڕەشە و سووکایەتی، نە زۆر و نە کەم بە کەسوکارم نەکراوە، تەنیا یەک هەڕەشەی تەلەفۆنی بۆ خۆم هاتووە ئەویش دووبارە نەبووەتەوە لە ٢٦-٣-٢٠١٨.
٢- ئەوەی ئەو شتەی بڵاوکردووەتەوە، مۆڵەتی چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی لێ وەرنەگرتووم.
٣- من لەگەڵ ئەودا ناوی کەسم نەهێناوە و بە کەسیشم نەوتووە بەڵتەجی.
٤- لەگەڵ ئەوەی کە داوام کرد ناوی شوێنی کارم نەهێنێت، کەچی ناوی هێناوە.
٥- دادگاییەکە ڕۆژی دووشەممە بوو نەک یەکشەممە.
٦- لەگەڵ ئەودا باسی ئەوەم نەکردووە کە کەس ناچار بکرێ داوای لێبووردن بکات.
٧- ئاگاداری ئەوە نیم کە ١٠٠ پارێزەر ئامادەن بەخۆبەخشی کارم بۆ بکەن.
٨- باسی هیچ لایەن و ڕێکخراوێکم نەکردووە.
٩- نەم وتووە بەداخەوە تائێستا وەزارەتی تەندرووستی و وەزیر نەهاتوونەتە سەر خەت. ئەو پرسیاری کرد وەزارەتت لەگەڵە؟ وتم نەخێر.


دکتۆرە شایان له‌ كۆتایشدا نوسیویه‌تی، هەمیشە ڕاستگۆییم پێ خۆش بووە، "خەڵکانێک دەڵێن چاوی لێ سوور کراوەتەوە بۆیە دەڵێ هەڕەشەم لێ نەکراوە، من کە دەوێرم باسی یەک هەڕەشە بکەم، دەشوێرم باسی دەیان هەڕەشە بکەم، ئەگەر لێم کرابێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان