ئه‌مریكا 290 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان ده‌كات


نەتەوە  |   10:00:56 2018-05-25  |   (8,469) جار خوێندراوەتەوە

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌یاسای به‌رگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2019 په‌سه‌ندكرد، یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ دابینكردنی بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌.
A+    A-

 

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌یاسای به‌رگریی نیشتمانی بۆ ساڵی 2019 په‌سه‌ندكرد، یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ بریتییه‌ له‌ دابینكردنی بڕی 290 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمه‌رگه‌ بۆ ساڵی 2019. 


به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو وه‌كو هۆكار بۆ دابینكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی:


- هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق هاوكاری گرنگیان پێشكه‌ش به‌ ئه‌مریكا كردووه‌ بۆ تێكشكاندن و به‌ ته‌واوی له‌ناوبردنی داعش له‌ عێراق و تاوەکو ئێستاش به‌رده‌وامن له‌و هاوكاریانه‌. 


- تێكشكاندنی ته‌واوی داعش گرنگه‌ بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و گیانی لێبوورده‌یی له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو بیروباوه‌ڕ و تائیفه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك پارێزراوبن و له‌ناو حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگای عێراقیدا جێگایان هه‌بێت. 


- بۆ پشتیوانیكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق، پێویسته‌ ئه‌مریكا بڕی 290 ملیۆن دۆلار بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق دابین بكات بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هاوكارێكی كاریگه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا و ئه‌ندامانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بن، به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان و پاراستنی ناوچه‌كان له‌ داعش و هاوكاره‌كانیان، به‌و ئامانجه‌ی بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق له‌ناو ببرێن. 


هه‌ر به‌پێی هه‌مان پڕۆژه‌یاسا، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا بڕی 560 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوكاریكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق دابین ده‌كات. 


هاوكات بڕیاره‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا، پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان