دوا زانیاری سه‌باره‌ت به‌كاتی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت ئاشكراده‌كرێت


نەتەوە  |   10:24:51 2018-05-24  |   (4,284) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان دوا زانیاری له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئێستا مانگانه‌ موچه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ده‌درێت، "بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ چاكسازیی، هه‌نگاوه‌كانمان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ پاشه‌كه‌وت ده‌ستپێده‌كات".
A+    A-

 

دلێر ماوه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ‌ڕایگه‌یاند، "چاوه‌ڕوانده‌كرێت یاسای‌ چاكسازیی له‌په‌رله‌مان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌و یه‌كلابكرێته‌وه‌"، وتیشی‌:"له‌و یاسایه‌دا بڕگه‌یه‌كی‌ تێدایه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌و دروستكردنی‌ حساب بانكی‌ بۆ موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن ئاشكراشیكرد، "ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتیی جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌و مانگانه‌ش ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ی كراوه‌، بتوانرێت به‌كاربهێنرێته‌وه‌و ده‌ستاوده‌ستی‌ پێبكرێت له‌نێوان حكومه‌ت و موچه‌خۆراندا".


رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر بمانتوانیایه‌ سیستمی‌ موچه‌ی‌ عیراق جێبه‌جێبكه‌ین یاخود ده‌رماڵه‌كان ڕێكبخرێنه‌وه‌، ئه‌وا سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت به‌زوترینكات هه‌ڵده‌وه‌شێندرایه‌وه‌".


دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئێستا باری دارایی حكومه‌ت باشتربوه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت مانگانه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران تاڕاده‌یه‌ك له‌كاتی‌ خۆیدا بدرێت، ئێمه‌ش دوای‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ چاكسازیی هه‌نگاوه‌كانمان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و جگه‌له‌وه‌ش هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ حكومه‌ت نه‌ماوه‌ كه‌ پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌ په‌یڕه‌وبكات".
 
















زۆرترین بینراوەکان