ڕه‌زامه‌ندی‌ نیشاندرا له‌سه‌ر موچه‌ی‌ مانگی‌ سێی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم


نەتەوە  |   14:26:09 2018-05-20  |   (6,672) جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی "عیراق" ئاماده‌كاریه‌كانی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ ده‌ستپێده‌كات و بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی دارایی عیراقیش ئاشكرایده‌كات، "ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ پاره‌كه‌ دراوه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ دوو ڕۆژی‌ داهاتودا بگاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".
A+    A-

 

فازڵ نه‌بی بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق رایگه‌یاند، "حكومه‌تی عێراق بڕیاری خه‌رجكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ سێی‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ده‌ركردوه‌و له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیشه‌وه‌ پێم ڕاگه‌یه‌نراوه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ دوو ڕۆژی‌ داهاتودا پاره‌كه‌ بگاته‌ هه‌ولێر".


ناوبراو وتیشی‌:"ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ مانگانه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ دابینده‌كرێت ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆسه‌ر ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و دواتر له‌ڕێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران".


له‌مانگی‌ 3ی‌ 2018دا حكومه‌تی عیراق بڕیاری خه‌رجكردنی بڕی‌ 317 ملیارو 545 ملیۆن دیناری‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ركردو بۆ ڕۆژی دواتر خرایه‌سه‌ر ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، ماوه‌ی‌ دوو مانگیشه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ مانگانه‌ به‌هه‌رێم ده‌درێت و بۆ مانگی‌ سێیه‌میش خراوه‌ته‌سه‌ر حساب بانكی‌.


هاوكات ماڵپه‌ڕی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی له‌ هه‌واڵێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ وه‌ریگرتوه‌، ئه‌وان سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین بۆ لیستی موچه‌ی مانگی (3)ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام وه‌كو وتی‌:"چاوه‌ڕوان ناكرێت بۆ جه‌ژنی‌ ڕه‌مه‌زان موچه‌ی‌ مانگی‌ سێ‌ به‌سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بدرێت، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كیان ده‌كه‌وێته‌ دوای‌ جه‌ژن".

 

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: "به‌ڵام تائێستا نازانین ئاخۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ دوای‌ جه‌ژن كامه‌ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌، ئومێدیش ده‌كه‌ین بتوانین به‌ر له‌جه‌ژن موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش بكه‌ین".
















زۆرترین بینراوەکان