سەركردەیەكی یەكێتی خرایە ژێر چاودێریی تەندروستیی چڕەوە


نەتەوە  |   18:44:02 2018-05-17  |   (3,657) جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی كاریگەریی نەخۆشییەوە، باری تەندروستی "عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی تێكدەچێت و لە ئێستاشدا لەژێر چاودێریی وردی پزیشكیدایە".
A+    A-


لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی  بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی-ی راگەیاندووە:" بەهۆی كاریگەریی نەخۆشییەكەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/5/17، باری تەندروستی عادل موراد ناجێگیر بووەو ئێستاش لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیادا لەژێر چاودێریی وردی پزیشكیدایە.

 

بەگوێرەی چەند زانیارییەکیش بڕیاربووە ئەمڕۆ عادل موراد لە ئەڵمانیاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە ماوەیەكە لە نەخۆشخانەیەكی ئەو وڵاتە چارەسەری پزیشكیی بۆ دەكرێت، بەڵام ئەو پزیشكانەی كە چاودێریی باری تەندروستیی ناوبراو دەكەن، رێگەیان نەداوە لە نەخۆشخانە ببرێتە دەرەوە.

 

عادل موراد کوردی فەیلییەو لە شۆڕشی ئەیلولدا ماوەیەک سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووەو لە دوای نسکۆی ساڵی 1975یشەوە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و پێنج سەرکردەی دیکەی یەکێتیدا لە 1975/6/1دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراندووە.

 

 دواتر لەگەڵ ئەو بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە یەکێتی جیابووەتەوە تا لەساڵی 1993دا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی و کراوە بە بەرپرسی راگەیاندنی ئەو حزبە تا کۆنگری دووەم لە 2001 .

 

دواتر بووە بە نوێنەری حزبەکەی لە شام. دوای رووخاندنی رژێمی بەعس و دامەزرانی حکومەتی نوێێ عیراق کراوەتە بەڵیۆزی عیراق لە رۆمانیاو بەرپرسی دۆسێی خۆرهەڵاتی ئەوروپا بووە بە پلەی "سەفیری فەوقەلعادە".

 

لە کۆنگرەی سێیەمی حزبەکەدا بۆ ماوەیەک دوورکەوتووەتەوە لە کاری حزبی و پاشان لە ساڵی 2013دا گەڕاوەتەوە بۆ کاری حزبی و کراوەتە سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی کە وەک پەرلەمانی حزب ناسراوە.

 
















زۆرترین بینراوەکان