یەكێتی پەیامێك ئاڕاستەی جێگری سەرۆكی پارتی دەكات


نەتەوە  |   15:44:35 2018-05-17  |   (676) جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی بێ منەتیی خۆی لە جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان نیشاندەدات و وەڵامی جێگری سەرۆكی پارتی دەداتەوەو باس لە "ساختەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان" دەکات.
A+    A-

زوبێر عوسمان جێگری سکرتێتری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: بارەگاو كەناڵە میدیاییەكانی تەواوی ئەو شەش حزبەی كە كۆنگرەو بەیاننامەی نارەزایی دژی یەكێتی دەردەكەن لە سنووری سلێمانییە، لەكاتێكدا ناتوانن لەودیو دێگەڵەوە ئازادانە چالاكی سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن، تەنانەت بەشێك لەو لایەنانە بارەگاكانیان لەو دەڤەرە سوتێنراوە.

 

لەوبارەیەشەوە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی-ی وتووە :"بەڵگەمان هەیە كە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە"و راشیدەگەیەنێت کە بەڵگەیان هەیە ئاوارەكانی موسڵ و شنگال و ناوچەكانی سحێلاو دەوروبەری موسڵ بە زۆرملێ دەنگیان پێدراوە بە پارتی و كاندیدیشیان بۆ دیاریكراوە".

 

روونیشیکردووەتەوە کە وەكو یەكێتی نە ترس و دڵەڕاوكێمان بڵاوكردۆتەوە، نە هەڕەشەی نان بڕینمان لە خەڵك كردووە لە پێناوی دەنگ، ئەوە پارتییە ئەو كارەی كردووە.

 

قسەکانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دوای ئەوە هات کە رۆژی 2018/5/16، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:"نیگەرانیی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە جدین".

 

جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دەشڵێت: "نێچیرڤان بارزانی یان هەر لایەنێكی تر بەڵگەیان لەسەر ساختەكاریی لەم سنوورە هەیە با بیخەنەڕوو، چونكە یەكێتی ناترسێت لە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بێمنەتە، بەڵام دەبێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەو بڕیارە بدات، نەك لایەنی سیاسی".

 

بەوتەی بەرپرسەكەی یەكێتی، لەكاتێكدا یەكێتی شوناسی نەتەوەیی لە كەركوك پاراست و توانی شەش كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام نە پارتی و نە لایەنەكانی تریش پیرۆزباییان لە یەكێتی و كورد لە كەركوك نەكرد.
















زۆرترین بینراوەکان