به‌رپرسێكی كورد خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندیدده‌كات


نەتەوە  |   13:15:36 2018-05-17  |   (1,117) جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی عێراق له‌ ڤاتیكان، كه‌ به‌ ره‌گه‌ز كورده‌ ئاشكرایده‌كات، "وه‌ك هاووڵاتییه‌كی سه‌ربه‌خۆ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید ده‌كات"، هاوكات دروشمی سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كانیشی به‌رزكردوەته‌وه‌.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17/5/2018 عومه‌ر به‌رزنجی، باڵیۆزی عێراق له‌ وڵاتی ڤاتیكان، لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندووه‌، شەرەفمەندم وەک كه‌سایه‌تییه‌كی كورد خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید كردووه‌.


له‌ به‌شێكی تری راگه‌یەنراوه‌كه‌یدا عومەر ئەحمەد کەریم، ناوسراو به‌ عومەر به‌رزنجی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بۆ ئەوەی پێکەوە دەست بە بنیادنانی عێراق بکەین لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی یەکێتی عێراق و سەروەرییەکەی و پارێزگاریی لە سیستمی دیموکراسی و سەلامەتی خاک و ئاو و ئاسمانەکەی خۆم کاندیدکردوە.


ناوبراو كه‌ له‌ ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پۆستی باڵیۆزی عێراقی له‌ چه‌ند وڵاتێك پی سپێردراوه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌، "لەژێر دروشمی سەرۆکی هەموو عێراقییەکان ده‌بم، وەک هاووڵاتییەکی سەربەخۆ خۆم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید دەکەم".


جێی باسه‌ عومەر ئەحمەد کەریم بەرزنجی لە ساڵی 1960 لە کەرکووک لەدایکبووە.


- لە ساڵی 1984 بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
- لە شوباتی 2009 تا ئایاری 2013 باڵیۆزی عێراق بووە لە لوبنان.
- لە 2013 تا 2015 باڵیۆزی عێراق بووە لە رۆمانیا.
- لە 2015ەوە تاوەکو شوباتی 2017 بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووە بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییەکان.
- لە 2017 بووەتە باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان.
















زۆرترین بینراوەکان