كەشوهەوای ئەم هاوینەی كوردستان چۆن دەبێت؟


نەتەوە  |   12:51:03 2018-05-17  |   (1,951) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "چەند ناوەندێكی جیهانی و عەرەبی، زانیاریی جۆراوجۆر لەبارەی پلەكانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ بڵاو دەكەنەوە، بەرپرسێكی كەشناسی هەرێمیش پێشبینییەكان بۆ پلەكانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات. 
A+    A-

 

ئادەم سكیف، سەرۆكی پێشبینییە درێژخایەنەكان لە لە نووسینگەی كەشناسیی بەریتانی رایگەیاندووە، لە ساڵی 2018 هاوینێكی گەرم چاوەڕوانی جیهان دەكات، پێی وایە پلەكانی گەرمای ئەمساڵ زیاتر دەبێت لە پلەكانی گەرمای هاوینی ساڵی 2016 .


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رێكخراوی كەشوهەوای جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە داوە، ئەمساڵ یەكێكە لە 3 ساڵە گەرمەكە، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، گەرمای ئەمساڵ هاوشێوەی گەرمای ساڵی 2015 و 2016 دەبێت.


هاوكات سەنتەری عەرەبی بۆ كەشناسی ئاشكرای كردووە، "گەرمای هاوینی ئەمساڵ كەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵانی پێشوو، روونیشیكردۆته‌وه‌، لە مانگی ئایار تاوەكوو كۆتایی تەمووز پلەكانی گەرما بەراورد بە ساڵانی پێشووتر كەمتر دەبێت.


سەنتەری عەرەبی دووپاتیشیكردۆته‌وه‌، ئەوە پێشبینییەی بۆ بەردەوامیی ئەو بارستە هەوایە گەڕاندووەتەوە كە لە چینی كەشی بەرز هەیە، ئەویش لە بەرەنجامی بەردەوامیی دابەزینی فشاری كەشوهەوا هاتووەتە كایەوە.


لای خۆشیه‌وه‌ دارا حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی و شارەزای ژینگە بە هه‌فته‌نامه‌ی باسی راگەیاندوه‌، بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای جیهان، زەحمەت بووە پێشبینیی درێژخایەنی كەشوهەوا بكرێت.


ده‌شڵێت: پێشبینییان ئەوەیە، بەهۆی بوونی سەوزایی و رادەی شێ، ئەمساڵ پلەكانی گەرما كەمتر بێت، وتیشی: "بەهۆی بوونی رووپۆشی سەوزایی و زیادبوونی رادەی شێ، بەتایبەت لە ناوچەی سلێمانی ئەگەری ئەوە هەیە ئەمساڵ پلەكانی گەرما بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بێت، چونكە تاوەكوو مانگی 6یش ئەگەری باران بارین هەیە، ئەوەش وا دەكات پلەی گەرمی نزم ببێتەوە.


ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، پلەكانی گەرما لە سلێمانی كەمتر دەبێت و لە گەرمیان و هەولێر زیاتر دەبێت، چونكە رووپۆشی سەوزاییان كەمترە.


وتیشی: بەهۆی ئەو شەپۆڵانەی باران بارین هاوین دوور دەكەوێتەوە و پلەكانی گەرماش نزم دەبن، چونكە كەشوهەوا تەڕ و فێنك دەبێت.


وەكوو بەرپرسەكەی كەشناسی ئاماژه‌شی پێداوه‌، "ئەم رەمەزانە فێنكتر دەبێت، چونكە ئەگەری باران بارین هەیە و كەشوهەواكەش فێنك دەبێـت و تاوەكوو كۆتایی مانگی 5 ئەگەری یەك دوو شەپۆلی تری باران بارین هەیە".


ئاشكراشی دەكات، لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما لەنێوان 30 بۆ 36 پلە تۆمار بكرێن.


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، شه‌پۆلی گه‌رما لە 20ی 7 بەدواوە زیاتر كاریگەریی دەبێت تاوەكوو 20ی 8، لەو ماوەیەدا پلەكانی گەرما بەرزترینه‌"، وتیشی:  لە هاویندا مەترسیی خۆڵبارین هەیە، ئەوەش بۆ كەمیی سەوزایی و زۆربوونی بەبیابانبوون دەگەڕێنێتەوە. 


رێژەی سەوزایی بەپێی ستانداری جیهانی دەبێت 15% بۆ 25% بێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە 13% تێپەڕ ناكات. شارەزایان پێیان وایە، كەمیی سەوزایی هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەبیابانبوونیش دروست دەكات، هەروەها هۆكاریشە بۆ دروستبوونی خۆڵبارین.
















زۆرترین بینراوەکان