تەندروستیی ھەولێر ھاووڵاتیان لە نەبوونی نەخۆشیی ئیبۆلا دڵنیا دەکاتەوە


نەتەوە  |   11:58:59 2018-05-17  |   (465) جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی "هەولێر" ڕایگەیاند، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە هەرێمی کوردستان دوورە لە ڕاستییەوە.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 17/5/2018 سامان بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، کە هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ئیبۆلا لە هەرێم و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر تۆمارنەکراوە و ئەو دەنگۆیانە تەنها بانگەشەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە."


ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە نەخۆشیە کە لە ئاژەڵدایە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ تەنها لە وڵاتانی کیشوەری ئەفەریقادا بوونی هەیە، تا ئێستاش نەک تەنها لە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان بەڵکو لە عێراق و وڵاتانی دراوسێشدا ئەو جۆرە نەخۆشیە تۆمارنەکراوە.


دووپاتیشکردەوە، هاوڵاتیان هیچ نیگەرانی و ترس و دڵەراوکێیان نەبێت لەسەر ئەم جۆرە نەخۆشیە لە هەرێم.


سەبارەت بە بوونی بەڵگە لەسەر نەخۆشیەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەس و لایەنێک زانیاری دەربارەی نەخۆشییەکە بدات بە تەندروستی هەولێر، ئەوان پێشوازی لێدەکەن و روونکردنەوەکەیان تەنها بۆ هاوڵاتییانە نەک بۆ وەڵامدانەوەی کەسێکی دیاریکراو.


شایەنی باسە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک چەندین پەیج دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە نەخۆشی ئیبۆلا لە هەولێر بڵاوبووەتەوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە.
















زۆرترین بینراوەکان