لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە روونکردنەوە دەدرێت


نەتەوە  |   20:14:05 2018-05-16  |   (1,155) جار خوێندراوەتەوە

نرخی بەنزین بەرزبووەتەوەو بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانیش هۆكارەكەی ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت: "ناتوانین رێگریی لەو بەرزبوونەوەیە بكەین".
A+    A-


سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی رایگەیاندووە: "لیژنەیەكی تایبەتیان بۆ بەدواداچوون لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین پێکهێنەوە لەسلێمانی، دوای ئەوەی راپۆرتی لیژنەكەیان بۆ گەڕاوەتەوە هەر لیترێك بەنزین 25 دیناری چووەتە سەر".

 

ناوبراو لەوبارەیەوە بە ئێس ئێن ئێن-ی وتووە: "لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە سەرجەم بەنزینخانەكاندا بەهۆی بۆرسەی جیهانیی نرخی نەوتەوە بەنزینیش بەرزبووەتەوەو هیچ پەیوەندیەكی بە هاتنی مانگی رەمەزانەوە نییە".

 

هەروەها روونیکردووەتەوە  کە بەرزبونەوەی نرخی بەنزین پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهانداو نەوتیش لە جیهاندا بەرزبووتەوە بۆ نزیكەی 78 دۆلار، و دەڵێت: لەبەرئەوەش کە بەنزیزن لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و بازاڕی ئازادە، ناتوانین هیچ گوشارێك بكەین بۆ ئەوەی نرخەكەی دابەزێت".

 

بەڵام ئاماژە بەوە دەدات کە ئەگەر بەنزین لە ناوخۆ دابینبكرایە، دەیانتوانی وەكو ساڵانی پێشوو بۆ هەر لیترێك 500 دینار دیاری بكەن و هەركەسێكیش لەو نرخە زیاتر بیفرۆشتایە، پسووڵەی سەرپێچیی بۆ دەكرا".

 

لەبارەی هەوڵەکانیشەوە بۆ رێگریی دەڵێت: "لەماوەی رابردوودا باس لەوەكراوە کە لەلایەن بەغداوە بەنزین دەنێردرێت، ئەگەر ئەوە بكرێت كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخەكەی دەبێت".
















زۆرترین بینراوەکان