ئە‌مریكا سە‌بارە‌ت بە‌ سە‌ركە‌وتنى هاوپەیمانێتییەکەی سەدر دێتەدەنگ


نەتەوە  |   18:56:59 2018-05-16  |   (457) جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى بەرگریى و وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا بۆچوونی وڵاتەكەیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەكەی عیراق و سەركەوتنى هاوپەیمانیى سائیرون-بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر دەربڕی.
A+    A-


لەوبارەیەشەوە جەیمس ماتیس، وەزیرى بەرگریى ئەمریكا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاندووە "گەلى عیراق هەڵبژاردنى خۆی کردووە، ئەوە پڕۆسەیەكى دیموكراتییە، هەرچەندە زۆر كەس گومانی دەكرد، لەوەى عیراق خۆى بەرپرسیاریى خۆى بگرێتەدەست".

 

دەشڵێت: "چاوەڕێى ئەنجامە كۆتاییەكانى هەڵبژاردنەكانین و رێز لە بڕیارى خەڵكى عیراق دەگرین".

 

هەروەک هێزەر ناوێرت، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە ئەمریكا لەو باوەڕەدایە کە دەتوانێت بەردوامى بە پەیوەندییەكى باش بدات لەگەڵ حكومەتى ئایندەى عیراقداو وتیشی: "زۆر كەس لە عیراق و وڵاتانى تریش ترسى گەورەیان هەیە سەبارەت بە هەژموونى ئێران لە وڵاتانى ناوچەكە، ئەمەش هەمیشە سەرچاوەى نیگەرانیى ئێمەشە".

 

جەختیشى كردەوە کە ئەوان دەزانن موقتەدا سەدر كێیەو رابردووى و هەڵوێستەكانیشى دەزانن، بەڵام دەڵێت: "ئێمە متمانەمان بە حكومەتى عیراقە.

 

ئەریك باهون، وتەبێژى وەزارەتى بەرگریى ئەو وڵاتەش رایگەیاند: "ئێمە پاڵپشى حزبێك یان كاندیدێكى دیاریكراو ناكەین، ئێمە پاڵپشى پڕۆسەیەكى دادگەرو شەفاف دەكەینو وتیشى "ئێمە ئامادەین كار لەگەڵ هەر كەسێكدا بكەین كە لەلایەن خەڵكى عیراقەوە بە شەفافى هەڵبژێردرابێت".
















زۆرترین بینراوەکان