نرخی گۆشتی مریشک لەم پارێزگایه‌یی هه‌رێم بۆ دووهێندە بەرزدەبێتەوە 


نەتەوە  |   13:45:06 2018-05-16  |   (1,423) جار خوێندراوەتەوە

نرخی مریشکی زیندوو لە "شاری سلێمانی" رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئێستا یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا لە پێنج مانگی رابردوو، کەمتر بوو لەنیوەی ئەو پارەیە.
A+    A-

 

لە چەند مانگی رابردوودا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، ناچاربوون بەرهەمەکانیان بخەنە سەر رێگای شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەهۆی دابەزینی نرخی مریشک و کار گەیشتە ئەوەی لە سێ مانگی رابردوودا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی 34 ملیار دینار زیانیان بەرکەوێت، 30%ـی خاوەن کێڵگەکانیش جوجکی نوێیان دانەنا.


نازم عەبدوڵا، خاوەن کێڵگەی پەلەوەری لە سلێمانی به‌سایتی رووداوی راگه‌یاندووه‌، "من خاوەنی سێ کێڵگەی پەلەوەریم، لە ماوەی سێ مانگدا 125 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە، ئەو زیانەی من هۆکاری هەیە، ئەمە بە تەنیا من نیم زەرەرم کردووە، خەڵکێکی زۆریش هاوشێوەی من زەرەریان کردووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنێک ئالیک 100 دۆلار گران بووە و، نرخی هەر جوجکێک 40 سەنت بەرز بووەتەوە''.


کۆمەڵەی کوردستان بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر هۆکاری ناجێگیری نرخی مریشک بۆ نەبوونی چاودێری دەگەڕێنێتەوە، کە نرخێکی جێگیر بۆ فرۆشتنی مریشک، ئالیک و جوجک دابنێن، تاوەکو هاوسەنگیێک بۆ خاوەن کێڵگەکان و کڕیاران دروست ببێت.


بەهاددین عەبدوڵا، ئەندامی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی رایگه‌یاند، "پێشتر خاوەن کێڵگەکان کیلۆی مریشکیان بە 1600 تاوەکو 2200 دینار دەفرۆشت، بۆ هەر کیلۆیەک خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان 500 دینار زەرەریان کردووە.


وتیشی: تەنانەت تا ئەو کاتەی بە 2000 هەزار دیناریش دەیانفرۆشت بە زیانی فرۆشیارەکان دەشکایەوە، ئەمە وای کردووە کەرتەکە لە پاشەکشەدا بێت، ئەوەی ئێستا، کە مریشک کەم بووەتەوە هۆکارەکەی ئەوەیە جوجک تێناکەنەوە، چونکە خاوەن کێڵگەکان جارێک، دوو جار دەتوانن بەرگەی زەرەری گەورە بگرن، بۆیە ناتوانن هەر لە زەرەردا بن''.


 
















زۆرترین بینراوەکان