کۆمسیۆن: لایەنەکان دەتوانن بڕیار بدەن دەنگەکان بەدەست هەژماربکرێت یان بە ئەلیکترۆنی


نەتەوە  |   12:23:52 2018-05-16  |   (810) جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم "ماوەی سێ ڕۆژە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات" وته‌بێژی کۆمسیۆنیش ڕایدەگەیه‌نێت، "لایەن سیاسەکان دەتوانن بڕیار بدەن دەنگەکان بەدەست هەژماربکرێت یان بە ئەلیکترۆنی".
A+    A-

 

شیروان زرا وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەڕێم ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاگاردارکرانەوە کە ٣٠ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، "ماوەی سێ ڕۆژە لە کۆبوونەوەداین بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنەکان".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێن ئاڕ تی ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ خشتەی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریکراوە لەلایەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردنی هەرێم و لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانیشەوە گفتوگۆی تێر و تەسەل کرا لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم.


ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەسەر بابەتی ماوەکان و کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و کاتی تۆماری قەوارە سیاسییەکان و پاککردنەوەی تۆمار و ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بووە.


ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسارانەوە بە زۆرینە دەنگ تەواوی ئەو گفتوگۆ و پێشنیارانەکان پەسەند دەکرێت و دەبێتە خشتەی کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.


وتیشی: تەنها هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان ئەنجام دەدرێت بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕی ١٠ ملیار دینار وەک قۆناغی سەرەتایی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە و وا بڕیاریشە لە قۆناغەکانی تردا بودجەی زیاتر بۆ پرۆسەکە تەرخانبکرێت بۆ ئەوەی کۆمسیۆن کارەکانی خۆی لەکاتی خۆیدا جێبەجێبکات.


رونیشیكرده‌وه‌، هەرچەند پێشتر وەک ئەنجوومەنی کۆمیساران بڕیاری ئامێری ئەلیکترۆنییان بۆ هەڵبژاردنەکان پەسەندکردووە، بەڵام لەدوای تانە لێدانی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جارێکیتر لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبنەوە بڕیاری کۆتایی دەدەن، لە هەمان کاتیشدا ڕا و سەرنجی هەموو لایەنەکانیش وەردەرگرن لەسەر پرۆسەکە کە ئایا بە دەست ئەژماربکرێت یان بە ئەلیکترۆنی.
 
















زۆرترین بینراوەکان