سەبارەت بە گەڕاندنەوەی قیستى سولفەیەك روونكردنەوە دەدرێت


نەتەوە  |   09:40:56 2018-05-16  |   (5,020) جار خوێندراوەتەوە

بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی دارایی، بڕیار دراوە لەسەر "دواخستنی گشت لێبڕینەكانی تایبەت بە پێشینە و قەرزە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لای مووچەخۆران"، وەك پێشینەكانی خانووبەرە، هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێك هەر فەرمانبەرێك قیستی سندووقی نیشتەجێبوونی وەرگرتبێت بڕیارەكە نایگرێتەوە.
A+    A-

 

هه‌فته‌نامه‌ی باس له‌زاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بانكە بازرگانییەكان بڵاویكردۆته‌وه‌، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون بابەتێكە جیاوازە لە قەرز و پێشینەكانی تر، وتی: "دەبێت فەرمانبەران و خەڵك بزانن قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون جیاوازە لە قەرزەكانی تر و دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ حكوومەت، بڕیارەكەی دارایی ئەوان ناگرێتەوە".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كاتی خۆی بۆ كڕینی یەكەكانی نیشتەجێبوون، حكوومەت نیوەی پارەی یەكەكانی داوە، بۆ نموونە كەسێك خانوویەكی بە 5 هەزار دۆلار كڕیبێت 2 هەزار و 500 دۆلاری لە لایەن حكوومەت بە قەرز پێ دراوە"، وتیشی: ئەو كەسانە دەبێت مانگانە بڕیك قەرز بگەڕێننەوە بۆ بانكەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی.


ئاشكراشی كرد، قەرزی نیشتەجێبوون كە دراوەتە فەرمانبەران وەكوو فەرمانبەر ئەژمار نەكراون، بەڵكوو وەكوو هاووڵاتی پێیان دراوە، زۆر خەڵك وا دەزانێت ئەو بابەتە وەكوو قەرزی خانووبەرە و كشتوكاڵە، بەڵام خۆی وا نییە، بەڵكوو وەكوو هاووڵاتی پێیان دراوە بۆیە دەبێت بیگەڕێننەوە.


لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دروست كراون‌ و لەلایەن حكوومەتیشەوە 30% بۆ 50%ی نرخی ئەو یەكانە وەكوو قەرز دراوە بە هاووڵاتییان، كە دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا‌ و بە قیستی مانگانە بیدەنەوە بە حكوومەت.


هاوكات حکوومەت لە کۆی 250 ملیار دیناری قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، نزیكی 80 ملیار دیناری وەرگرتووەتەوە.


ئەگەر لە كاتی خۆیدا رۆژێك دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ دوا بخرێت ئەوە رۆژانە هەزار دینار وەكوو رسووماتی دواخستن دەخرێتە سەر كەسی قەرزار، بە بڕیاری وەزارەتی دارایی ئەو کەسەی نەتوانێت مانگانە قیستەکەی بداتەوە و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕێت، رۆژانە هەزار دیناری بۆ دەخرێتە سەر، كە ئەوەش ساڵانە دەكاتە زیاتر لە 350 هەزار دینار، ئەوەش بووەتە بارێکی قورس بەسەر هاووڵاتییان، کە بە زەحمەت پارەی سندووقی نیشتەجێبوون بدەنەوە.
















زۆرترین بینراوەکان