واده‌یه‌كی نوێ بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت


نەتەوە  |   09:24:25 2018-05-13  |   (12,827) جار خوێندراوەتەوە

له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ دووی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ "پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ" ڕونكردنه‌وه‌ ده‌درێت و به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ش دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كراوه‌ته‌ پشوی ڕه‌سمی، موچه‌ی‌ ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ دواده‌كه‌وێت.
A+    A-

 

پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، دوای‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13/5/2018  پشوی‌ ڕه‌سمیه‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی له‌پشودایه‌.


له‌وباره‌شه‌وه‌ قاره‌مان كه‌مال جێگری‌ سه‌رۆك ئه‌ركان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند، "دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌پاره‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌و هه‌ركات پاره‌كه‌ بگات، ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌مڕۆ، كه‌ كراوه‌ته‌ پشوو موچه‌ دابه‌شناكرێت".


ناوبراو وتیشی‌:"ده‌توانرێت وه‌زاره‌تی‌ دارایی پاره‌ی پێویست بۆ موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دابینبكات و دواتر ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ گه‌یشت، ئه‌وكات پاره‌كه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی".


په‌یوه‌ست به‌موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ-ش سه‌عید محه‌مه‌د ڕاوێژكار له‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌مڕۆ كراوه‌ته‌ پشوو هیچ خشته‌یه‌ك ڕاناگه‌یه‌نرێت، موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆش دابه‌شناكرێت، به‌ڵام تاكۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ به‌ده‌ستمانگه‌یشتوه‌ موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ دابه‌شده‌كرێت".
















زۆرترین بینراوەکان