ژنە قورئان خوێنێك لە هەولێر خۆی سوتاند


نەتەوە  |   18:23:09 2018-05-11  |   (3,786) جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی قورئان خوێنی بەناوبانگی شاری هەولێر ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە لە دوای خۆ سوتاندنی لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا مایەوە، ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.
A+    A-


كوردستان محەممەد، تەمەن 58 ساڵ، وەك ژنە قورئانخوێنێكی دەنگخۆش لەو شارە ناوبانگی دەركردبوو، نزیكەی 20 ساڵ بوو لە پرسەی ژناندا قورئانی دەخوێند بەڵام بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە 11 رۆژ لەمەوبەر ئاگری لە خۆی بەرداو ئەمڕۆ ژیانی لەدەستدا.

 

بەپێی هەندێک زانیاری، كوردستان بەهۆی كێشەیەك كە لە نێوان كوڕەكەی و هاوژینەكەیدا هەبووە، تووڕە بووەو خۆی سووتاندووە. بەڵام دانا مزەفەر كە كوڕی كوردستانە، دەڵێت دایكی تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو و بە رووداو-ی راگەیاندووە: "دایكم ماوەی دوو ساڵ بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو، بەردەوام تووڕە دەبوو، پزیشك دەیگوت پێویستی بە شوێنی ئارامە، لە هیچ جێگایەك ئۆقرەی نەدەگرت و دەچووە هەر شوێنێك نەیدەتوانی بمێنێتەوە، هەروەها دەڵێت: رۆژێك پێش ئەوەی خۆی بسووتێنێت،  بەبێ هیچ هۆكارێك هەموو جلەكانی سووتاند، بۆ رۆژی دواتر براكەم دەمەقاڵەیەكی كەمی لەگەڵ باوكمدا ببوو، دایكیشم دەچێتە نهۆمی دووەم و گاڵۆنێک نەوتی سۆپا دەردەكات و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات".

 

بە گوتەی دانا، باوكیشیان دوای ئەو رووداوە، حاڵی زۆر باش نییە. دانا دەڵێت: "باوكم پێی وتم كاتێك لەگەڵ زانای برات دەمەقاڵێمان بوو، كوردستان تووڕە بوو، چووە نهۆمی سەرەوەو ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا".

 

دەشڵێت: ئەوەی باوكمی تاساندووە، بینینی دایكم بووە كاتێك ئاگری لە خۆی بەرداوە، دایكم بەبێ جووڵە و هاواركردن وەستاوەو سەیری باوكمی كردووە، نە هاواری كردووە، نە پەلەقاژەو نەهەوڵی خۆكوژاندنەوەو خۆ رزگاركردنی داوە".

 

دەشڵێت: "رێژەی سووتانەكەی دایكم كەم بووە، تەنیا 45% بوو، بەڵام جۆری سووتانەكەی پلە سێ بوو، برینەكەی زۆر قووڵ بوو، بۆڕیی هەناسەو سییەكانی گرتبوو. بۆیە 11 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، چەند نەشتەرگەرییەكیشیان بۆ كرد، بەڵام سوودی نەبوو".

 

جەختیش دەکاتەوە لە تاكە هۆكار نەخۆشیی دەروونی بووەو دەڵێت: "كە لێیان پرسیووە بۆچی خۆی سووتاندووە، وتوویەتی خەونم بینیووە".

 

 كەسێكی نزیكی كوردستانیش، رایگەیاندووە ئەو ژنە پێشتریش هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەڵام نەیانهێشتووە و دوو جار خۆی دەرمانخوارد كردووەو گەدەیان بۆ شتووە

 

هەروەها دەڵێت: یەكێك بووە لە هەرە دەنگخۆشەكانی هەولێر كە لە پرسەكاندا قورئانی دەخوێند.

 

رێباز زێوەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتانیش لە هەولێر  رایگەیاندووە: تیمەكانیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووەو دواتر بەپێی راپۆرتی پزیشكی داد دەركەوتووە کە ئەو ژنە نەخۆشیی دەروونی هەبووەو دەڵێت راپۆرتەكەشمان رەوانەی دادگا كردووە"و دەشڵێت:

 

هیچ كەسێك لەسەر ئەو كەیسە دەستگیر نەكراوە.
















زۆرترین بینراوەکان