زانیاریی نوێ لەبارەی سندوقى زیرە‌كى هە‌ڵبژاردنە‌كانەوە بڵاودەکرێتەوە


نەتەوە  |   16:54:45 2018-05-07  |   (459) جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێم، كەموكوڕییەكانى ئەو سندوقە زیرەكانەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات کە بڕیارە عیراق بەکاری بهێنێت و رایگەیاندووە: "دەتوانرێت لە رێگەى پڕۆگرامەوە دەستكاریى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن بكرێت".
A+    A-


ئیسماعیل خورماڵى، ئەندامى ئەنجومەنى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى هەرێم لەوبارەیەوە بۆ سایتی دواڕۆژ-ى ئاشکراکردووە: "لە زۆربەى وڵاتانى جیهان بە وڵاتە پێشكەوتووەكانیشەوە تا ئێستا هەڵبژاردنەكان بە رێگەى تەقلیدى و كۆنەكانەوە دەبێت، ئەویش لەڕێگەى دەست، چونكە سیستمى ئەلەكترۆنى جگە لە باشییەكانى، كۆمەڵێك لایەنی سلبی هەیەو دەتوانرێت یاریى بە ئەنجامەكان بكرێت".

 

وەک پسپۆرێکی هەڵبژاردن ئاماژەشی بەوە کردووە کە سندوقى زیرەك كە لەلایەن كۆریاوە بۆ عیراق دروستكراوە، خۆیان بەكاری ناهێنن، چونكە حكومەتى ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنی خولى 19ى سەرۆكایەتى 2017دا شێوازى تەقلیدیى دەستیان بەكارهێناوەو سەركەوتووش بوون.

 

ئەوەشی ئاشكراکردووە کە مەبەستى ئەوان بێ ئومیدكردنى خەڵك نییە، بەڵام لەناو ئامێرەكەدا دەتوانرێت لەڕێگەى كۆدى پرۆگرامەرینگەوە دەستكاریى زیادو كەمی ژمارەى دەنگەكان بكرێت، چونكە هیچ چاودێرێكى لەسەر نییە.

 

هەروەها دەڵێت: "ئەگەر لە سیستمكەدا كۆمسیۆن كۆدى چاودێریكردنى بدایەتە لایەنە سیاسییەكان بۆئەوەى بەردەوام چاودێریى رێژەى دەنگەكان بكەن، كاتێک بۆ وێستگەى سەرەكى دەگوازرێتەوە ئەوكات دەتوانرێت ساختەكاریى كەمبكرێتەوە، بەڵام كۆمسیۆن كۆد ناداتە لایەنە سیاسییەكان رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنەكانیش ئەو سندوقە زیرەكانە دەگاتە 52 هەزار بنكەى دەنگدان.

 

خورماڵی هەروەها دەڵێت: "ئەو ئامێرە تەنها لە رێگەى وەرەقەیەكەوە ئەنجام بەدەستەوە دەدات، ئەوەش لەگەڵ بنەمای شەفافیەتدا ناگونجێت، چونكە هیچ كەسێک نازانێت لە رێگەى بەرمەجە و پڕۆگرامەوە دەستكاریى ئەنجام دەكرێت یاخود نا".

 

هەروەها روونیکردۆتەوە کە هەموو ئامێرێكى ئەلەكترۆنى قابیلى هاككردن و راگرتنە، هەرچەندە دەوترێ ئەو ئامێرە ئەنجامەكان لە رێگەى مانگى دەستكردەوە دەگوازێتەوە، لە هەمان كاتیشدا میمۆرى و رامى ئەنجامەكانى تیادا خەزن دەكرێت، بەڵام مادام ئەلیكترۆنییە بۆیە دەتوانرێ ببڕدرێت.

 

بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە "بۆ دڵنیابوون لە بەراوردی ئەنجامەكان پێویستە جگە لە رێگەى جیاكردنەوەى دەنگەكان بە ئەلەكترۆنى، لە رێگەى دەستیشەوە دووبارە دەنگەكان هەژمار بكرێنەوە".

 

ناوبراو، هۆشداریش دەدات لەوەی کە "مادام راستەوخۆ ئەنجامەكان لە رێگەى سێرڤەرەوە دەگوازرێتەوە، پێویستە ئەنجامەكان راستەوخۆش دواى كۆتایى هاتنی پڕۆسەكە رابگەیەنرێت، بەڵام كۆمسیۆن دەڵێت: دواى 24 كاتژمێر رادەگەیەنرێت، ئەمەش کێشەی گەورەیە، چونكە دەتوانرێت دەستكاریى ژمارەو رێژەی دەنگەكان بكرێت".
















زۆرترین بینراوەکان