یەکەی پاسه‌وانی بڕی زیادكردنی مووچەکانیان رەتدەکەنەوە


نەتەوە  |   21:25:27 2018-04-24  |   (750) جار خوێندراوەتەوە

پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی حزبه‌كان به ‌بڕێكی كه‌م گۆڕانكاریی تێدا ده‌كرێت، ئه‌وانیش ئاماده‌نین ئه‌و گۆڕانكارییه‌ قبوڵ بكه‌ن، وته‌بێژی نوێنه‌رایه‌تی پۆلیسی پاسه‌وانیی حزبه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌ر پۆلیسێكی پاسه‌وانی بڕی 99 هه‌زار دیناری بۆ زیادكراوه‌، ئێمه‌ش وه‌رگرتنی ئەو بڕە ره‌تده‌كه‌ینه‌وه"‌.
A+    A-

 

ئه‌و دوو ملیار  دیناره‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییەوە بۆ گۆڕانكاریی له ‌مووچه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی دابینكراوه‌، به‌سه‌ر چوار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا دابه‌شكراوه‌و بڕی 555 ملیۆن دیناری بۆ یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سه‌ربه ‌به‌رگریی و فریاكه‌وتنی سلێمانی ته‌رخانكراوه‌".

 

لەوبارەیەوە عه‌مید به‌مۆ عومه‌ر وته‌بێژی نوێنه‌رایه‌تی پۆلیسی پاسه‌وانی حزبه‌كان به تۆڕی هەواڵی سلێمانیی راگه‌یاندووە: "ئه‌مڕۆ سێشەممە 2018/4/24 له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگریی شارستانی كۆبوونه‌تەوه‌و پێیان راگه‌یه‌ندراوە كه‌ هه‌ر پۆلیسێكی پاسه‌وانی به‌بێ جیاوازی پله‌ بڕی 99 هه‌زار دینار بۆ مووچه‌كانیان زیادكراوه‌، دەشڵێت: "ئێمه‌ش وه‌كو نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بڕیارماندا ئه‌و مووچه‌یه‌ وه‌رنه‌گرین".

 

هەروەها روونیکردۆتەوە کە "هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت تا مووچه‌ی پاسه‌وانی هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ستكاریی بكرێت و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌كه‌ی كه‌مبكرێته‌وه‌و جەختیشی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانیان به ‌سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌ستپێكردووه‌".

 

هێزه‌كانی پاسه‌وانی سه‌ربه ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌بڕی له‌65% له ‌مووچه‌كانیان پاشه‌كه‌وتكراوه‌و هه‌ندێكیان كه‌ پاسه‌وانی باره‌گاو به‌رپرسانی حكومین پاشه‌كه‌وته‌كه‌یان هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ده‌ستكاریی كراوه‌.
















زۆرترین بینراوەکان