كۆمسیۆن: ناوزڕاندن سزای یەك ساڵ زیندانیكردنی هەیە


نەتەوە  |   12:00:30 2018-04-24  |   (388) جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی خەڵك بۆ ماف و ئازادییەكان بەهاوبەشی رێكخراوی سۆلیدارێتی و ئینیستیوتی روناكبیری لاوان، راپۆرتی پێشێلكارییەكان لەكاتی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی بڵاوكردەوە، به‌رپرسێكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراقیش ئاشكرای ده‌كات، "هەر پێشێلكاریەك بچێتە خانەی ناوزڕاندن، ئەوا سزای زیندانیش دەیگرێتەوە، كەل ەیەك ساڵ كەمتر نییە".
A+    A-

 

سۆران جەلال بەرپرسی هۆبەی یاسایی و راگەیاندنی تۆڕی خەڵك بۆ ماف و ئازادییەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو راپۆرتەیان وەك یەكەم راپۆرت بڵاو دەكەنەوە، بەڵام ناوی هیچ قەوارە و كاندیدێك ناهێنن، چونكە بەشێك لەپێشێلكارییەكان لەلایەن تیمی كاندیدەكانەوە ئەنجامدراون و زۆر كات خودی كاندیدەكە ئاگادار نییە".


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئەو راپۆرتە لەرێگەی ٥ تیمەوە ئامادەكراوە و لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كە پێویستە بگوترێ بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان تائێستا لە كەشوهەوایەكی ئارام و باشدا بەڕێوەچووە، هیچ پێشێلكارییەكی ئەوتۆ تۆمار نەكراوە".


سۆران جەلال سەبارت بەبوونی پێشێلكارییەكانیش كە لەلایەن تیمەكانەوە ئەنجامدراون وتی "زۆر كات پێچەوانەوەی رێنماییەكان پۆستە و وێنەكان هەڵواسراون بەدار و درەخت و شوێنە گشتییەكیان و هەڵواسینی پۆستەر لەسەر پۆستەری كاندیدی دیكە و لەبەرچاونەگرتنی پاراستنی ژینگە و دار و درەخت، یان دانانی پۆستەر لەسەر شۆستەی هاتووچۆی هاووڵاتییان و رێگربوون لەهاتووچۆ یان دڕاندنی پۆستەری بەشێكی زۆر لەكاندیدەكان و بۆیاغكردنی وێنەی ژمارەیەك لەكاندیدەكان و هەڕەشەش لەكاندید كراوە لە ڕێگای مۆبایل و رێگری كردن لەژمارەیەك لەكاندید بۆ هەڵواسینی وێنە و ئەنجامدانی بانگەشە و دەستبردن بۆ وێنە و بڵاوكردنەوەی وێنەی شەخسی كە ئەمانەش پێشێلكارین و سەرجەمی ئەم پێشێلكارییانەش لەسەرجەم شارەكان تۆمار كراون".


لای خۆشیه‌وه‌ مازن عەبدولقادر سەرۆكی دەستەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ٢٩ سەرپێچی لای ئەوان تۆمار كراون، بەڵام ئەوان جۆری سەرپێچییەكان بەگوێرەی رێنماییەكانی خۆیان و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی چاككردنی ژینگە پۆلێن دەكەن و لەلایەن لیژنەی تایبەت بەم بابەتە كارەكان بەڕێوەدەچێت و بەشێك لەسەرپێچییەكان لابراون، دوای ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەكاندید بۆ ماوەی سێ رۆژ و بەشێكیشی راسپاردەی پێ بەرزكراوەتەوە.


ئاشكراشیكرد، لەسەر ئاستی عێراق ١٢٠ كاندید سزا دراون لەسەر ئەنجامدانی پێشێلكاری و هۆشداریش دەدات لەوەی هەر پێشێلكاریەك بچێتە خانەی ناوزڕاندن، ئەوا سزای زیندانیش دەیگرێتەوە، كەل ەیەك ساڵ كەمتر نییە.
















زۆرترین بینراوەکان