له‌ زیانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ داوایه‌ك ئاراسته‌ی سەرۆكوەزیرانی عێراق ده‌كرێت


نەتەوە  |   14:42:58 2018-04-22  |   (5,407) جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتاریكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "پێشكەشكردنی هاوكاریكردنی دارایی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە هاندانی ئەو هێزەیە بۆ یاخیبوون"، هاوكات داواش لە سەرۆكوەزیرانی عێراق ده‌كات، "لەئاست ئەو پرسە بێدەنگ نەبێت".
A+    A-

 

فیردەوس عەوادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگه‌یاندووه‌، "وەرگرتنی هاوكاری دارایی پێشمەرگە لەرێگەی هەژماری بانكێك لە ئەمریكا، رێزنەگرتنە لە سەروەری عێراق و هاندانی هێزەكانی پێشمەرگەیە بۆ یاخیبوون لە حكومەتی عێراق".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ئەو بڕە هاوكاریە داراییەی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2016 لە نێوان مەسعود بارزانی و بۆب وورك یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا و دوور لە حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كراوە".


ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی عێراق پێیوایە: "رەوانەكردنی ئەو پارەیە بۆ هێزێكی سەربازی نەتەوەیی لە عێراق و بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق، كێشەیەكی گەورەیە و زیاتر لە پەیامێكیش بۆ ئەو حكومەتەی تێدایە، لەوانە ئەمریكا هەوڵی دروستكردنی هێزێكی سەربازی بەرامبەر یان بەهێزتر لە هێزەكانی عێراق دەدات، بۆ بەكارهێنانی لە داهاتوودا لەو قەیرانانەی ئەگەر هەیە بوروژێندرێن، پێشموایە ئەمریكا چاكەی بۆ عێراق ناوێت و تاوەكو ئێستاش هەوڵی دابەشكردنی دەدات، ئەو هاوكاریە داراییەش یەكێكە لە پلانەكانی دابەشكردن".


ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت "ئایا حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاگاداری ئەو هاوكارییەیە؟ ئەگەر ئاگاداربێت ئەوە كارەساتە، ئەگەر ئاگاداریش نییە دەبێت دەستبەجێ رێكاری یاسایی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، هەروەها داوا لە عەبادی دەكات بێدەنگ نەبێـت و گەلانی عێراق لەو پرسە ئاگاداربكاتەوە، رێگەش بە ئەمریكا نەدات هەركاتێك حەزیكرد یاری بە سەروەری و كەرامەتی عێراق بكات".
 
















زۆرترین بینراوەکان