واده‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ دوی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ئاشكراده‌كرێت


نەتەوە  |   10:39:25 2018-04-22  |   (8,043) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "په‌یامێك ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌كرێت كه‌ بۆ موچه‌ی‌ مانگی‌ یه‌كی ئه‌مساڵ به‌سیتسمی‌ نوێ هه‌ڵه‌ له‌موچه‌كانیاندا هه‌بوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ژمێریاری‌ په‌روه‌رده‌ی سلێمانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و لیستانه‌ی‌ موچه‌ كه‌ بۆ مانگی دوی ئه‌مساڵ ئاماده‌كراون له‌مڕۆوه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گه‌نجینه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كرێت"، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ په‌روه‌رده‌ش واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی‌ مانگی دوو ئاشكرا ده‌كات.
A+    A-

 

شێركۆ سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ژمێریاری‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند، "تائێستا حاڵه‌تی‌ له‌وشێوه‌یه‌مان به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتوه‌، كه‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵی‌ مامۆستایان به‌سیستمی‌ نوێ هه‌ڵه‌ی تێدابوبێت و مامۆستایان كه‌متر یاخود زیاتر له‌موچه‌كه‌ی‌ خۆیان وه‌رگرتبێت".


ناوبراو وتیشی‌:"هه‌ر مامۆستایه‌ك گرفتی‌ هه‌بوبێت پێویسته‌ سه‌ردانمان بكات تاوه‌كو بۆیان چاره‌سه‌رده‌كرێت، ئه‌گه‌ر مانگی‌ پێشتر زیاتری له‌و بڕه‌ی‌ خۆی پێدرابێت لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر كه‌متریش بێت به‌هه‌مانشێوه‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ی‌ مانگی‌ دودا قه‌ره‌بوده‌كرێته‌وه‌".


ئاشكراكرد، "لیستی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ دوی ئه‌مساڵمان به‌سیستمی‌ نوێ ئاماده‌كردوه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌مڕۆ 22/4/2018وه‌ ئه‌و لیستانه‌ی‌ به‌كۆتاهاتون ڕه‌وانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گه‌نجینه‌ بكرێت".


لای خۆیشیه‌وه‌ مامۆستا عومه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندووه‌، "لیستی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ دوی ئه‌مساڵمان به‌سیستمی‌ نوێ ئاماده‌كردوه‌".


سه‌باره‌ت به‌واده‌یه‌كی‌ دیاریكراویش له‌باره‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ وتی‌:"بڕیاروایه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ داهاتوداو له‌كاتی‌ خۆیدا موچه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ دابه‌شبكرێت".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "دوای‌ ته‌واوبونی‌، لیسته‌كان ڕه‌وانه‌ی‌ لای‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گه‌نجینه‌ ده‌كه‌ین و زۆربه‌ی‌ په‌روه‌رده‌كانیش لیسته‌كه‌یان ته‌واوكردوه‌، هه‌ركاتیش پاره‌ هه‌بێت ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی دوی ئه‌مساڵی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان