هه‌وڵێك بۆ دابه‌زاندنی نرخی به‌نزین و گاز ده‌خرێته‌گه‌ڕ 


نەتەوە  |   00:09:32 2018-04-22  |   (6,744) جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، "لە هەوڵدان مۆڵەتی 15 بەنزینخانەی حکومی شاری سلێمانی لە بەغدا نوێبکەنەوە، بەمەش هاوشێوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و، نێوەڕاست و باشووری عێراق نرخی بەنزین و گاز دەبێتە 450 دینار".
A+    A-

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، رۆژی سێشەممە 24ی نیسانی 2018 سەردانی بەغدا دەکات و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک دەکات. ناوبراو لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی، رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکەمان بۆ بەغدا زۆرن،  سەرەکیترینیان کردنەوەی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانین، بەتایبەت لە پشتە، کێلێ، سەیرانبەن، تەوێڵە و شوێنەکانی دیکەی هاوشێوەی ئەو ناوچانە، ئێمە587 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوەش درێژترین سنوورە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا".


بە ئاماژەکردن بەوەی پێشتر بەهۆی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان جووڵەیەکی بازرگانی زۆر لەو ناوچانەدا هەبوو، پارێزگاری سلێمانی وتی: "ئەمانە دەرفەتی ژیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داهاتێکی زۆر بۆ هەردوولا دروستدەکەن، هەروەها دەتوانن هاوکێشەکانی سنوورەکە، ئارامی ناوچەکە و ئاوەدانی لە ناوچەکان بپارێزن، بۆیە لە رابردوودا کاری زۆرمان لەسەر کردوون، بەو ئومێدەین لەگەڵ حکومەتی ناوەند بگەینە ئەو ئەنجامەی سەرجەمیان بەشێوەیەکی فەرمی بکەینەوە".


یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی سەردانەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر هەڵگرتنی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە. ناوبراو وتی: "داوایان لێدەکەین ئەو بازگانەی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دایانناون بەتایبەت بازگەی سەفڕا، هەڵیبگرن، چونکە ئاستەنگێکی گەورەی لەبەردەم بازرگانان و جووڵەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی دروستکردووە".


ئامانجێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ی هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ به‌غد چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنییە، له‌م باره‌وه‌ وتی: "لەم بوارە هەنگاوی باشمان ناوە و لەهەوڵداین زۆریان بکەین و بەرنامەکان فراوان بکەین، بۆئەوەی ئەو بەشەی خەڵک کە ماوە بتوانێت بەرمیلە نەوتەکە وەربگرێت".


وتیشی: "قسەمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و جێگرەکەی کردووە، بۆئەوەی ئەو 15 بەنزینخانە حکومییەی لە سەردەمی رژێمی لەنێوچووی بەعسدا هەبوون، جارێکی دیکە بیانکەینەوە، ئەمانە مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق ماوە، خاوەن بەنزینخانەکان بەڵێنیان پێداوین ئەگەر بتوانین مۆڵەتەکەیان بۆ نوێبکەینەوە، هەموو سووتەمەنییەک بە نرخی حکومەتی عێراق دابەش بکەن، بەمەش لیترێک بەنزین دەبێتە 450 دینار، لیترێک گاز دەبێتە 450 دینار، دەتوانین رۆنی دۆرە، ئەسفەل و قیڕیش لەوێ بهێنین".
 
















زۆرترین بینراوەکان