"ساڵ بە ساڵ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم بەرەو خراپتر دەڕوات"


نەتەوە  |   10:09:30 2018-04-20  |   (720) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم ئاشكرای ده‌كات، ساڵ بە ساڵ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات، هاوکات ڕەخنەش لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەگرێت و دەڵێت: هەندێک لە زانیارییەکانی دروست نین.
A+    A-

 

زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه‌، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە دوای مانگی شوباتی ٢٠١٤ وە لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپی ڕۆیشتووە، ساڵ ‌بە ساڵ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات.


وتیشی: هۆکارەکان زۆرن بۆ خراپی ڕەوشی مافی مرۆڤ بە تایبەت کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و قەیرانی دارایی و چارەسەرنەکردنی کێشەی نێوان بەغداد و هەولێر.


زیا پترۆس سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی، کە هیومان ڕایتس وۆچ لەسەر هەرێم دەیخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەكردووه‌، "ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتەکانی لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان زۆرجار سیاسیە، چونکە هەندێک جار شتێک باس دەکات کەلای ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ نیە."


ناوبراو ڕەخنەشی ئاڕاستەی ڕێکخراوەکە کردو وتی، ئێمە جگە لە ئۆفیسی سەرەکی ١٢ ئۆفیس و لقی ترمان هەیە، هەندێک خاڵ لەو ڕاپۆرتانە باس دەکات کە لای ئێمە قەت بوونی نەبووە و نیە، کەس لەسەر خۆپیشاندان لە کارەکەی دەرنەکراوە قەت شتی وانەبووە، بەڵام خەڵکانێک دەستگیرکراون یان لێیان دراوە یا شەقیان تێهەڵدراوە بەڵێ ئەمانە هەبوون.


پێشتر ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە  لە میانەی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکان کە لە کۆتایی مانگی سێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، هێزەکانی ئاسایش لانی کەم ٨٤ خۆپـیشاندەر و ٤ ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە، کە زۆربەیان تەنیا لەبەر ئەوەی خۆپـیشاندانیان کردبوو ده‌ستگیر كرابوون.
 
















زۆرترین بینراوەکان