حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتنی پێشینه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران دوا ده‌خات


نەتەوە  |   15:00:18 2018-04-17  |   (994) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی باڵای حکومەتی ھەرێم، لە كۆبونەوەیان له‌ گەڵ پەرلەمانتارانی كوردستان  ئەویان خستۆتەڕوو وەرگرتنەوەی پێشینەی ھاوسەرگیری و خانووبەرە لە فەرمانبەران بۆ ساڵی داھاتوو دوا دەخرێت.
A+    A-

 

هه‌فته‌نامه‌ی باس له‌ راپۆڕتێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، بە پێی زانیاریەكان حكوومەتی هەرێم زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری داوەتە هاوڵاتیان لە رێگەی پێشینەكانی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و  هاوسەرگیریی و قەرزی بچووك و قەرزی  كشتوكاڵی و بەشی زۆری ئەو پارانەش نەگەڕاونەتەوە.


هەرچەندە گۆڕانكاری لە رێژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و مووچۆران كراوە، بەڵام بەبڕیاری وەزارەتی دارایی هیچ پێشینەك كە پێشتر فەرمانبەران وەریانگرتووە لێیان وەرناگیرێتەوە.


مەدینە ئەیوب شرنەخی ئەندامی لیژنەی  دارایی پەرلەمانی  كوردستان بە هه‌فته‌نامه‌كه‌ی  رایگەیاند وەرگرتنەوەی پێشینە و قەرزەكان لە فەرمانبەران وەستاوەتە سەر باش بوونی دۆخی دارایی، ئەگەر دۆخی دارایی باش بێتەوە ئەوە دەست دەكرێتەوە بە وەرگرتنەوەی پێشینەكان  لە فەرمانیەران ئەگەریش زۆر لە ساڵی 2019 وە دەست بە وەرگرتنەوەی قەرزەكان بكرێت.


ئاماژەی بەوەشدا، بە فەرمی یان بە نوسراو حكوومەت دیاری نەكردووە ساڵی2019  یان ساڵی 2020 پێشینەكان وەربگرێتەوە و پێدەچێت تاوەكو كۆتایهاتنی سیستمی پاشەكەوت، پێشینەكانی لە لەفەرمانبەران وەرنەگیرێنەوە.


روونیكردەوە ئەگەر لەماوەی داهاتوودا دۆخی ئابووری حكوومەت باش بێت ئەوە حكوومەت دەتوانێت دەست بە پێدانی هەندێك پێشینە بكاتەوە، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، بەدڵنیاییەوە كە داهاتی حكوومەت زیادی كردەوە حكوومەت لە داهاتوو دەست بەپێدانی پێشینەكان دەكاتەوەو هەنگاوەكانیشی بەئاراستەی باشتركردنی دۆخی هاووڵاتیان دەخاتەوەگەڕ.


ئێستا تەنها پێشینەكان لە هاووڵاتیانی ئاسایی وەردەگیرێتەوە كە مووچەخۆر نین‌ بۆ فەرمانبەران وەستاوە، خەڵەف ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند لەسەر داوای پەرلەمانتاران، حکوومەت وەرگرتنەوەی ھەموو پێشینەکانی کشتوکاڵ و خانوبەرەو نیشتەجێکردن و ھاوسەرگیری دواخستووە بۆ ساڵی داھاتوو.


وتیشی، ھەموو ھاوڵاتییەک کە پێشینەی لە بانکەکانی حکوومەتی ھەرێم وەک قەرز وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٨ لێیان وەرناگیرێتەوە و دواخراوە بۆ ساڵی ٢٠١٩، بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە زیادەیەکی بچێتەسەر، ئەوەش لەم قەیرانەدا ھاوکارێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی ئەو جۆرە پێشینانەیان وەرگرتووە.


بە گشتی زیاتر لە 620 هەزار كەس لە گشت پێشینەكانی حكوومەت سودمەند بوونە.
















زۆرترین بینراوەکان