دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ له‌هه‌رێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌


نەتەوە  |   14:29:56 2018-04-17  |   (722) جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ئاشكرای ده‌كات، "هه‌وڵه‌كانمان ده‌ستپێكردوه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران".
A+    A-

 

پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كۆبۆوه‌، دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ورده‌كاری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئاشكراكردو وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ڕۆژنامه‌وانانی‌ دایه‌وه‌.


له‌به‌شێكی‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆیاندا زۆر به‌جدی‌ پرسی‌ ته‌جاوزات له‌سه‌ر موڵكی‌ حكومه‌ت و خانوه‌ بێ‌ تاپۆكان باسكراوه‌، وتیشی‌:"ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌ت بڕیاری‌ كۆتاییمان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ به‌هیچ ته‌جاوزێك ناده‌ین له‌سه‌ر موڵك و ماڵی‌ حكومی‌".


ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"هه‌موو ئه‌و خانوانه‌شی‌ تاپۆ نین و كێشه‌ی‌ یاساییان نییه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆتا بڕیاریان له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین و بۆیان تاپۆ ده‌كرێت".


نێچیرڤان بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌كێشه‌ی‌ موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌تایبه‌ت پۆلیسی‌ پاسه‌وانی‌ كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "له‌چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوو كێشه‌ له‌موچه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام دارایی و ناوخۆ سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ركردنین و به‌دڵنیاییشه‌وه‌ بۆیان چاره‌سه‌رده‌كرێت".


هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌دا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت په‌یامێكی ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كردو وتی‌:"ئێمه‌ یاسای‌ چاكسازیمان ناردوه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ چاكسازی‌، بۆیه‌ داوا له‌په‌رله‌مان ده‌كه‌ین به‌زوترینكات ده‌نگی‌ له‌سه‌ربدات و تێیپه‌ڕێنێت".


پێشتر وا باسكراوه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ئاستی‌ هه‌رسێ‌ پارێزگای‌ (سلێمانی‌، هه‌ولێرو دهۆك) 11 هه‌زار پارچه‌ زه‌وی‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆراندا دابه‌شده‌كات، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "به‌رنامه‌ی‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌ زه‌ویمان هه‌یه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا له‌سه‌ر میكانیزم و كاتی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌كه‌ی‌ ڕێكنه‌كه‌وتوین".
















زۆرترین بینراوەکان