لە‌بارە‌ی هاککردنی ئامێری دە‌نگدانەوە روونکردنەوە دەدرێت


نەتەوە  |   17:15:48 2018-04-16  |   (408) جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماژە بەوە دەدات کە "ئەو ئامێرەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عیراقدا بەكار دەهێندرێت، بە هیچ جۆرێك هاك ناكرێت" و دەشڵێت: "بەپێی گرێبەستێك ئەو ئامێرانە راستەوخۆ بە مانگی دەستكردەوە دەبەسترێنەوە".
A+    A-


مازن عەبدولقادر بەرپرسی دەستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاككردنی ئامێری سكان دەکەن لە رۆژی دەنگدانی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراقدا دوورن لە راستییەوە".

 

لەوبارەیەوە بەرپرسەکەی كۆمسیۆن بە دواڕۆژ-ی وتووە: "ئەو ئامێرەی ئەمجارە لە هەڵبژاردنەكانی عیراق بەكاردەهێنرێن لە كۆریا بەرهەمهاتووەو پێشتر لەچەند وڵاتێكی تر بەكارهێنراوەو زۆر سەركەتوو بووە".

 

ئاماژەشی بەوەداوە کە سیستمی بەكارهێنانی ئامێرەكە راستەوخۆ بە مانگی دەستكردەوە دەبەسترێتەوەو هیچ تۆڕێكی ئەنتەرنێتی ناوخۆیی ناتوانێت داخڵی ببێت، چونكە ئەو ئامێرە ئەنتەرنێتی لە مانگی دەستكردەوە بۆ دابینكراوەو لەوێوە هێڵی ئەنتەرنێتی لێ دەبەسترێتەوە.

 

ئەوەش روونکراوەتەوە کە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەنتەرنێتی جیهانیدا كراوە، لەكاتی پرۆسەی دەنگداندا ئامێرەكە هیچ هێڵێكی ئەنتەرنێتی لەگەڵ نابەسترێتەوە تا پرۆسەی دەنگدان تەواودەبێت، ئینجا راستەوخۆ هێڵی ئینتەرنێت لەمانگی دەستكردەوە لەگەڵ ئامێرەكە دەبەسترێتەوەو رێژەی دەنگەكان بۆ ئۆفیسی سەرەكی كۆمسیۆن لە بەغدا دەنێرێت.

 

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئامێرەكە بۆ سەرجەم بنكەكانی دەنگدان دابین كراوەو لەئێستادا لە کۆگاکانی کۆمسیۆن دانراون و کۆمسیۆنیش تەواوی ئەرکە سەرەکییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەمجارە جێبەجێ کردووە.
















زۆرترین بینراوەکان