ھاتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بۆ هەرێم ڕاگیرا


نەتەوە  |   15:10:49 2018-04-16  |   (632) جار خوێندراوەتەوە

ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی "خلیجی" ڕاگیرا و بۆ لەمەودوا ھەر ئۆتۆمبێلێک لەکوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچێت ڕێگەی پێنادرێت بێتە کوردستانەوە.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ عوسمان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی سلێمانی رایگەیاند "لە 15ی نیسانەوە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خلیجی ڕاگیراوە بۆ لەمەودوا کار بە سیستمی کوالیتی کۆنترۆڵ دەکەین بۆ ئۆتۆمبێل".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دوارۆژ وتیشی "لەئێستادا تەنھا ئەو ئۆتۆمبێلانە دێنە کوردستانەوە، کە تا بەرواری پێش 15ی نیسان مامەڵەی ھاتنیان بۆ کراوە، لەدوای ئەو بەروارەوە ڕێگەنادرێت ھیچ ئۆتۆمبێلێکی خلیجی کە توشی ڕووداو بووبێت و لە دوبەی چاککرابێتەوە بێتە ھەرێم، دەبێت ئۆتۆمبێل کە دێتە کوردستان لەژێر کوالێتیدا دەرچێت لەڕووی ستۆپی ئەی بی ئێس و ئێرباگی نەتەقیبێت و توشی ڕوداوی قورس نەبووبێت".


لەئێستادا ئۆتۆمبێلی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکان لە وڵاتان کە توشی ڕووداوی ھاتوچۆ دەبن بەپارەیەکی ھەرزان بازرگانانی ئۆتۆمبێل دەیکڕنەوە و پاشان لە دوبەی چاکی دەکەنەوە و ھاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.


ئەو ئۆتۆمبێلانە کە دەھاتنە کوردستان لەدوبەیەوە زۆربەیان توشی ڕووداو بوون و چاککراونەتەوە، بۆیە نرخیان ھەرزانە بەمەش خواستی زۆری لەسەربوو.


لەئێستادا ھەر ئۆتۆمبێلێک بەپێی مەرجەکانی ھاتوچۆی کوردستان و عێراقی نەبێت ڕێگەی پێنادرێت بێتە کوردستانەوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان