دابەشکردنى موچەى کەمئەندامان لە سلێمانى دواخرا


نەتەوە  |   14:50:17 2018-04-16  |   (8,151) جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی رایگه‌یاند، بەهۆی زیادکردنی موچەی کەمئەندامان دابەشکردنی موچەکەیان دواخستووە، کە بڕیاربوو سبەی دابەشبکرێت.
A+    A-

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی ئاشکرایکردووە، ئاگاداری‌ هاووڵاتییانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت له‌ شاره‌كانی‌ (سلێمانی ‌‌و چه‌مچه‌ماڵ ‌و ڕانیه‌ و ده‌ربه‌ندیخان) ده‌كات به‌هۆی‌ گۆڕانكاریی له‌ مووچه‌كانیان ڕۆژی‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامان ده‌كه‌وێته‌ یه‌كشه‌ممه‌، ٢٢/‌٤/‌٢٠١٨.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، داواش لە کەمئەندامان دەکەن سبه‌ی‌ سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی‌ بانكه‌كان نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و کەمئەندامانەی مووچه‌یان ٩٠ هەزار دیناربوو زیادبووە بۆ ١٢٠ هەزار دینار، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش پێویستی‌ به‌ كاته‌ و ناتوانرێت لیستی‌ مووچه‌كانیان بۆ سبه‌ی‌ ئاماده‌بكرێت.


پێشتر سامان حسێن سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ''وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندون لەسەر خەرجی وەزارەتەکە ئەو کەمئەندامانەی کە مووچەیان ٩٠ هەزارە زیادکراوە بۆ ١٢٠ هەزار دینار بەڵام ئەوانەی مووچەکەیان ٦٠ هەزارە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و بەڵێنیشی داوە بۆ ئەوانیش زیادبکرێت لە داهاتوودا''.


پێش سیستمی پاشەکەوت هەر کەمئەندامێک مانگانە ١٥٠ هەزار دیناری وەکو مووچە پێدەدرا بەڵام دواتر کەمکرایەوە بۆ ٩٠ هەزار و ئەوانەشی مووچەیان ١٠٠ هەزار بوو کەمکرایەوە بۆ ٦٠ هەزار دینار کە بەپێی ڕیژەی کەمئەندامییان موچەکەیان دیاریدەکرا.
















زۆرترین بینراوەکان