مەترسی لەسەر بڕینی هاوكاری ئەمریكا بۆ پێشمەرگە هەیە


نەتەوە  |   14:19:31 2018-04-16  |   (1,824) جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانان بڕی 365 ملیۆن دۆلاریان تەرخانكردووە بۆ هاوكاری پێشمەرگە، بەڵام بەو مەرجەی چاكسازی بكرێت و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدانیش له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، "هاوپەیمانان مانگانە كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە دەكەن و داوای ڕاپۆرتی چاكسازی دەكەن".
A+    A-

 

شیلان جەعفەر، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان و جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی ئەمریكا و هاوپەیمانان دابینیان كردووە، پەیوەستە بە چاكسازی و جێبەجێ كردنی بەرنامە داڕێژراوەكانی پێشووەوە.


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی خه‌ڵك وتیشی، "پڕۆسەی چاكسازی بەردەوامی هەیە و وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی یەكخستنەوەی لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەڵوەشابونەوە".


لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا لە كۆی 14 لیوای یەكگرتوو، 10 لیوایان هەڵوەشانەوە و گەڕانەوە بۆ نێو بارەگاكانی یەكێتی و پارتی.


سەبارەت بەوەی ئایا هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لەو هاوكارییە ئەگەر چاكسازییەكە بەجدی كاری لەسەر نەكرێت، شیلان جەعفەر وتی، "هاوكارییەكە بەو مەرجەوە گرێدراوە، وەزارەتی پێشمەرگە چاكسازی دەستپێكردووە و هیودارین بتوانێت بەردەوام بێت".


دووپاتیشیكرده‌وه‌، ڕێژەی هاوكارییەكەیش پەیوەستە بە جێبەجێ كردنی بەرنامەیەكی چاكسازییەوە، كە پێشتر هاوپەیمانان ئامادەیان كردووە و مانگانەیش كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە دەكەن.
















زۆرترین بینراوەکان