كۆمسیۆنى سلێمانى چه‌ند داواكاریه‌ك ئاڕاسته‌ى لیسته‌كان ده‌كات


نەتەوە  |   13:08:39 2018-04-16  |   (531) جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا 10 پێشێلكاری هه‌ڵبژاردن له‌ سنووری پارێزگاكه‌ تۆماركراون، هاوكات چه‌ند داواكاریه‌ك ئاڕاسته‌ی لیسته‌كان ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ به‌رێوه‌چوونی بانه‌گه‌شی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ی نیسان، هاوڕێ تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵا نوێنه‌ری حزبه‌كان و رێكخراوه‌كان، بۆ راگه‌یاندنه‌كان وتی "پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منی باڵای سلێمانی كۆبووینه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بگیرێته‌به‌ر".


ناوبراو وتیشی: له‌ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا 10 پێشێلكاری هه‌ڵبژاردن له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی تۆماركراون، كه‌ به‌شێك له‌وانه‌ سكاڵا تۆماركردن بووه‌ له‌سه‌ر لایه‌ن و لیسته‌كان كه‌پێش بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌یان ده‌ستیپێكردووه‌.


راشیگه‌یاند: به‌شێكی تری پێشێلكارییه‌كان، پێشێلكارییه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێنماییه‌كانی شاره‌وانیه‌كان، هه‌روه‌ها وتی: به‌پێی یاسا لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشێلكارییه‌كان ده‌كرێت.


جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "شاره‌وانی رێنمایی له‌به‌ر رۆشنایی یاساكانی كۆمسیۆن ده‌ركردووه‌، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌كارهێنانی شۆسته‌كان بۆ به‌كارهێنانی بانگه‌شه‌ كه‌ رێڕه‌وی هاتووچۆی هاوڵاتیانن پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنن، له‌ ژماره‌یه‌ك شوێنیش گوڵ وگوڵزاری ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كان تێكدراون بۆ بانگه‌شه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "داوا ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كان و خۆیان به‌دوور بگرن له‌ پێشێلكاری"، داواشی له‌ راگه‌یاندنه‌كان كرد به‌ شێوه‌یه‌كی شارستانی بانگه‌شه‌ بۆ كاندیدی حزبه‌كانیان بكه‌ن و خۆیان به‌ دووربگرن له‌ ناوزڕاندن و جنێودان و به‌پێی ئیتیكی میدیا كاربكه‌ن، داواشی له‌ هێزه‌كان كرد باره‌گای سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و سه‌ر و ماڵی هه‌موو كاندیده‌كان بپارێزن.


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی رێككه‌وتووین كه‌ شه‌قامه‌كانی سالم و تووی مه‌لیك كه‌ دوو شه‌قامی سه‌ره‌كی رێڕه‌وی هاوڵاتیانن، به‌دوور بگیرێت له‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی حزبه‌كان و هه‌ڵدانی خێمه‌ و داگیركردنی شه‌قامه‌كه‌ كه‌ له‌ ساڵانی رابردوو رووداوی نه‌خوازراو تێیدا روویداوه‌".


جێی باسه‌ بڕیاره‌ رۆژی 12/5/2018، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ڕێوه‌بچێت.


 
















زۆرترین بینراوەکان