دوو كاندید له‌ هه‌وڵی كوشتن رزگار بوون


نەتەوە  |   00:07:14 2018-04-16  |   (614) جار خوێندراوەتەوە

دوو سەرچاوەی ئەمنی رایانگەیاند، "دوو كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە شارەكانی كەركوك و بەغدا لە دوو هەوڵی تیرۆركردن رزگاریان بوو".
A+    A-

 

نەقیب حامد عوبێدی ئەفسەری پۆلیس له‌ كه‌ركوك، وتی: "ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكرا لە كاتی تێپەڕبوونی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی عەممار كەهیە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و كاندیدی بەرەی توركمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، لە دەروازەی شەقامی پێشانگاكانی باشووری شاری كەركوك تەقییەوە".


وتیشی، عەممار كەهیە لەو هەوڵی تیرۆركردنەدا رزگاری بوو، بەڵام لە ئاكامی تەقینەوەكە، كەسێك كوژراوە و 10ی دیكەش بریندار بوون.


لەلایەكی دیكەوە نەقیب ئەحمەد خەڵەف ئەفسەری پۆلیس رایگەیاند، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە ناوچەی دۆرەی باشوری بەغدا تەقەیان لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی عەبدولكەریم عەبتان كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە.


باسی لەوەشكرد، عەبدولكەریم عەبتان لە كاتی گەڕانەوەی لە گردبوونەوەی جەماوەری كە بۆ پشتیوانی لە لیستەكەی لە ناوچەی دۆرە ساز كرابوو تەقەی لێكراوە، بەڵام ناوبراو لەو هەوڵە رزگاری بووە.


عەبدولكەریم عەبتان لە سەر لیستی وەتەنییە كە ئەیاد عەللاوی جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكایەتی دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كاندید كراوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان