ناوی لیست و كاندیدە سەرپێچییكارەكان و بڕی غەرامەكانیان بڵاودەكرێتەوە


نەتەوە  |   20:09:44 2018-04-15  |   (408) جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، "سەرپێچی لایەن و قەوارەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا تۆمار دەكات و هۆشداریش دەدات، هەر لایەنێك سەرپێچی بكات ناوو جۆری سەرپێچی و بڕی سزادانەکەشیان بڵاودەكەنەوە".
A+    A-


رزگار حاجی حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایدەگەیەنێت: بەمەبەستی تۆماركردنی سەرپێچییەكان لە هەموو پارێزگاكانی عیراقدا، لیژنەی چاودێریمان پێكهێناوە، هەموو ئەو لیست و كاندیدانەی بەر لەوادەی دیاریكراوی خۆی بانگەشەیان دەستپێكردبێت، سزا دەدرێن.

 

لەوبارەیەشەوە بە ئێس ئێن ئێن-ی راگەیاندووە:" شێواندنی وێنەی كاندیدەكان و دڕاندنیان و بانگەشە لە شوێنی گشتی، بەسەرپێچی ئەژمار دەكرێت، بە بەردەوامیش چاودێریی وردمان هەیەو بەپێی جۆری سەرپێچییەكانیش، قەوارەكان سزا دەدرێن".

 

سەبارەت بە سەرپێچییە تۆماركراوەكان، رزگار حاجی حەمە ئاشكرایكرد: لەدوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر سەرپێچی لە باشوورو ناوەڕاستی عیراق تۆماركراون و ناوەكانیان بۆ كۆمسیۆن بەرزكراونەتەوە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش لەبەرئەوەی ئەمڕۆ یەكەم رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەیە، تائێستا هیچ سەرپێچییەك بەرز نەكراوەتەوە.

 

لەبارەی شێوازی سزادانیشیانەوە، ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن دەڵێت:" لەكاتی سەرپێچی كاندیدەكاندا، ئاگاداری قەوارەكانیان دەكەینەوە كە ناوەكانیان لەلای ئێمە تۆماركراوە، دواتریش ناوەكانیان و جۆری سەرپێچی و بڕی سزاكەشیان لە سایتی كۆمسیۆن بڵاودەكەینەوە".
















زۆرترین بینراوەکان