سەرکردەیەکی تورکیا بەڵێن دەدات  به‌ چوار ساڵ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بکات


نەتەوە  |   20:35:00 2018-04-13  |   (189) جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی پارتێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەڵێن دەدات کە بە چوار ساڵ کێشەی "40"ساڵەی کورد له‌ وڵاتەکەی چاره‌سه‌ر بکات و ئاماژەش بە پێنج کێشە سەرەکییەکەی تورکیا دەدات.
A+    A-


كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری- جەهەپە، كه‌ گه‌وره‌ترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایه‌ ئه‌مڕۆ هەینی 2018/4/13، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی سەربە حزبەکەی له‌ پارێزگای کۆنیا کۆبووەوەو باسی پرسی كوردی لە تورکیا کرد.

 

ئۆغڵو لەوبارەیەوە وتی: "له ‌ناوچه‌كانی باشوورو باشووری خۆرهه‌ڵاتی توركیا 40 ساڵه‌ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌و ئاكپارتی ماوه‌ی 15 ساڵه‌ نه‌یتوانیووە چاره‌سه‌ری بكات و دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتریش كرد، به‌ڵام جه‌هه‌په‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی بۆ ده‌كات". و بەڵێنیشیدا کە ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌یان نه‌كرد، ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌.

 

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەدا کە توركیا پێنج كێشه‌ی سه‌ره‌كی هەیە کە بریتین له‌: دیموكراسی، ئابووری، په‌روه‌رده‌، ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌.

 

راشیگەیاند کە تورکیا وڵاتێكی دیموكراسی نییه، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی باوه‌ڕیان به‌ دیموكراسی و ئازادیی راده‌ربڕین نییه‌و ئابووریش پڕه‌ له‌ قه‌رزی كه‌ڵه‌كه‌بوو، بێكاری سنووره‌كانی به‌زاندووه‌. په‌روه‌رده‌ش هه‌ر له‌ ئاستی سه‌ره‌تایی تا زانكۆ په‌كخراوه‌و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌هۆی فه‌رامۆشكردنی كێشه‌ی كوردو دروستكردنی چینایه‌تییەوە به‌دیناكرێت.

 

هەروەها وتی: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شمان روون نییەو كێشه‌ی زۆره‌ و خراپی په‌یوه‌ندییه‌كانیش باڵی به‌سه‌رماندا كێشاوه‌".

 

ئەو لێدوانەی ئۆغڵو لەکاتێکدایە کە ناوبراو سەرۆکی حزبەکەی کەمال ئەتاتورکە کە دەیان ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە تورکیاو دەستووری ئەو وڵاتەش لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئەتاتورک داڕێژراوە کە لە ساڵی 1923وە هیچ مافێکی بۆ کورد بە فەرمی نەناسیووە.
















زۆرترین بینراوەکان