جۆرە هاوسەرگیریەكی مسوڵمانان لە بەریتانیا هەرای نایەوە


نەتەوە  |   16:23:26 2018-04-13  |   (541) جار خوێندراوەتەوە

هەندێك لەو هاوسەرە مسوڵمانانەی لە بەریتانیا بە هۆی بڕیارێكی كتوپڕەوە تەڵاقیان كەوتووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ لای یەك تووشی كێشەیەكی گەورەبوون و بۆ ئەوەش پەنا بۆ رێگەچارەیەك دەبەن، كە لەلای خەڵك بە "مارەبەجاش" ناسراوە، بەڵام چەندین ژن بوونە قوربانی ئەو رێگە چارەیە.
A+    A-

 

مارە بە جاش، بریتیە لەوەی كە ئەگەر پیاوێك تەڵاقی بكەوێت، هاوسەرەكەی دەبێت، بۆ ماوەیەكی كاتی شوو بە پیاوێكی تر بكاتەوە و دواتر لێی جیاببێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لەنوێ هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەری یەكەمی بكاتەوە.


لەبەریتانیا، چەندین پەیج و ئەكاونت دانراون بۆ ئەوانەی هاوكاری ئەو ژن و مێردە مسوڵمانانە بكەن، كە بەبڕیارێكی بەپەلە لەیەك جیابوونەوە و ئێستا دەیانەوێت، بگەڕێنەوە بۆ لای یەك.


لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە ئەو ژنانە دەتوانن بە شێوەی كاتی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوانە بكەن، كە خزمەتگوزاری مارەبەجاشیان پێشكەش دەكەن، بەڵام زۆرجار رووبەرووی پارە لێكێشانەوە، توندوتیژی سێكسی و چەندین گرفت تر دەبنەوە.


فەرەح یەكێكە لەو ژنە مسوڵمانانە و بە بی بی سی وتووە: دوای ئەوەی مێردەكەی بە كورتەنامە سێ تەڵاقەی لێخواردووە، هەوڵی داوەی بۆ ئەوەی لە رێگەی شەرعیەوە بگەڕێتەوە بۆ لای، بۆ ئەوەش داوای هاوكاری لەو سایت و پەیجانە كردووە، كە ئەو خزمەتگوزاریە پێشكەشك دەكەن، بەڵام كاتێك چارەنوسی بەشێك لەو ژنانەی بیستووە، پەشیمان بووەتەوە، بۆ وێنە، ژنێك دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ یەكێك لەو پیاوانەكردووە، پیاوەكە پەشیمان بووەتەوە لەوەی تەڵاقی بدات، یان چەند كچێك بۆ ماوەی چەندین مانگ رووبەرووی گێچەڵی سێكسی بوونەتەوە.


فەرەح باسی لەوەشكردووە، لە یەكێك لە مزگەوتەكان ژوورێكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە هەبووە و نەك پیاوێك، بەڵكوو چەند پیاوێك سێكسیان لەگەڵ هەندێك لەو ژنانە كردووە.


ئەنجومەنی شەرعی مسوڵمانان لە رۆژهەڵاتی لەندەن، بە توندی دژی دیاردەی مارە بە جاش وەستاوەتەوە و بە جۆرێك لە لادان ناوی بردووە و خولە حەسەن ئەو كارەی بە هاوسەرگیری ساختە و كێشانەوە پارە و ئازاردانی ئەو كەسانە ناوبردووە، كە كەوتوونەتە دۆخێكی نەخوازراوەوە.


فەرەح كە سەرباری جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی، كە یەكەم خۆشەویستی ژیانی بووە، لە دۆخێكی خراپی دەرونیدایە، دوای گەڕانێكی زۆر بەدوای كەسێك كە بتوانێت بەشێوەیەكی كاتی هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، ئێستا پەشیمان بووەتەوە و دەڵێت: هەرگیز ئامادە نیم بۆ ئەوەی بە پیاوێك بگەم، لەگەڵ پیاوێكی تر هاوسەرگیری بكەم.
















زۆرترین بینراوەکان