حکومەتی هەرێم  راگەیەندراوێکی بەپەلەی سەبارەت بە مووچە بلاوکردەوە


نەتەوە  |   18:27:37 2018-03-19  |   (333) جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە بە نووسراوی بانكی ناوەندیی فیدراڵیی عیـراق بە ژمارە (1638) لە 19/3/2018 فەرمانی خەرجكردنی دراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و دواتریش بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ و وتەبێـژی فەرمیی بەڕێزیان جەختیان لەسەر كردەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
A+    A-


1-حكومەتی فیدراڵی بەپێی نووسراوی سەرەوە بە ئاشكرا ئاماژەی داوە كە خەرجكردنی بڕی (317) ملیار و (540) ملیۆن و (465) هەزار دینار بۆ شایستەی داراییی گشت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگه‌یشەوە، نەك تەنها مووچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی و حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم بڕە پارەیە خەرج بكات:

 

أ‌) بڕی (281) ملیار و (724) ملیۆن و (634) هەزار دینار بۆ گشت فەرمانبەرو كارمەندانی هەرێمی كوردستان جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە.

 

ب‌) بڕی (35) ملیار و (815) ملیۆن و (831) هەزار دینار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

2-بەپێی تەرخانكراوی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی (الرعایە الإجتماعیە) لە هەرێمی كوردستان كە مووچەی خانەنشینانیش لەخۆدەگرێت، بڕی (1) تریلیۆن و (535) ملیار و (795) ملیۆن دینار تەرخان كراوە كە مانگانە دەكاتە نزیكەی (128) ملیار دینار، بەڵام لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عیراقیدا ئاماژەی پێ نەدراوەو فەرمانی خەرجكردنی نەدراوە.

 

3-سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەكاتەوە كە تەرخانكراوەكانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و سوودمەندانی كۆمەڵایەتی لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 كەمترە لە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنانەت بە پاشەكەوتیشەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو تەرخانكراوانەی ناو بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 خەرج بكات، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.

 

4-بە ناچارییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، مووچەی پاشەكەوتكراوی مانگی (11)ی ساڵی 2017ی مووچەخۆرانی هەرێمی پێ دەدات و دواتر لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچەو دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەكرێت بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە لەبەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

 

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران

19/3/2018
















زۆرترین بینراوەکان