به‌فه‌رمی شكستهێنانی لیستی ئیسلامی راگه‌یه‌ندرا


نەتەوە  |   13:38:17 2018-03-18  |   (486) جار خوێندراوەتەوە

لیژنه‌ی هاریكاری یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، ئاشكرایده‌كات به‌هۆی "نه‌هاتنه‌ژێر باری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، دروستكردنی به‌ره‌ی هاوبه‌ش و لیستی ئیسلامی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو".
A+    A-

 

به‌پێی راگه‌یەنراوێكی لیژنه‌ی هاریکاری ئیسلامی هه‌رسێ لایه‌نی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، كه‌ ئه‌مڕۆ  یه‌كشه‌ممه‌ 18/3/2018 بڵاویانكردووەته‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووە لیژنەی هاریکاری ئیسلامی ماوەیەکە لە هەوڵی کۆکردنەوەی نێوماڵی ئیسلامی و نزیککردنەوەی لایەنە ئیسلامییەکاندابوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پرۆژەو پێشنیازیان پێشکەشکردوون و میکانیزمی جێبەجێکردنیشیان دیاری کردووە، بەڵام ئەنجامی پێویستی نەبووە.


له‌ ڕاگه‌یەنراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، "لەدوا هەوڵماندا پێشنیازی یەک لیستیمان کرد بۆ لایەنەکان، بەڵام برایانی (کۆمەڵی ئیسلامی) لەم قۆناغەداو لەبەر کۆمەڵێک هۆکار یەک لیستییان پێ باش نەبوو، ئێمەش ڕێزمان لەبۆچوونەکەیان گرت".


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، برایەتی ئیمانی و پڕۆژەی ئیسلامی لەیەک لیستی گەورەترە، بۆیە وەك لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە "بەپێویست زانراوە هەموولا لەهەوڵی بەرجەستەکردن و پتەوکردنیدابن".


جێی باسه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ساڵێكە هه‌رسێ لایه‌نی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و كۆنفرانسیان له‌باره‌ی دروستكردنی به‌ره‌ی ئیسلامی ئه‌نجامدا، دواجاریش لیژنه‌ی هاریكاری ئیسلامییه‌كانیان دروستكرد، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
















زۆرترین بینراوەکان