وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی مووچە بڵاو دەکاتەوە


نەتەوە  |   12:22:29 2018-03-17  |   (18,975) جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای بەربڵاویی دەنگۆی دابەشکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی لەلایەن حکوومەتی عێراق و بەڵێندانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێشتا مووچە دابەش نەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەم دەنگۆیە یەکلا ببێتەوە.
A+    A-

 

 ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی کە نوێنەری ئەو وەزارەتەش بووە لەو لێژنەیەی بەغدا بۆ وردبینیکردن لە مووچەی فەرمانبەران پێکیهێنابوو، بە باسنیوزی ڕاگەیاندووە، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە، مووچەکەی بەغدا بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردە دابەش دەکرێت.

 

لە بەرامبەردا د. یوسف عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە  ڕاگەیاندووە: ”نە ئاگام لە بابەتی دابەشکردنی مووچە ھەیە، نە کەسیش پێی گوتووم، چونکە ھێشتا وردبینی لەلای ئێمە تەواو نەبووە، ئەو لێژنەی بەغداش کە بۆ وردبینی ھاتوون، لە پەروەردەوە بۆ ئەو پەروەردە دەڕۆن و پرسیار دەکەن“.

 

بەپێی بەڵێنەکەی عەبادی بێت، تاوەکوو جەژنی نەورۆز، تەنیا ڕۆژانی (یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە) لەبەردەم هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال ماوە، بۆ ئەوەی مووچەی تێدا دابەش بکەن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە 17/3/2018، بابەتی دابەشکردنی مووچە یەکلا بکرێتەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، پێش جەژنی نەورۆز، مووچەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکەن و دوای نەورۆزیش مووچەی وەزارەتەکانی دیکە دەدەن.
















زۆرترین بینراوەکان