داوای لیستی بێ پاشەکەوت دەکرێت، دوو موچە بەمامۆستایان دەدرێت


نەتەوە  |   11:42:40 2018-03-15  |   (9,198) جار خوێندراوەتەوە

ژمێریاری پەروەردەی گشتیی سلێمانی داوای لیستی بێ پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات، بەڕێوەبەرێکی پەروەردەش زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش سەبارەت بەدابەشکردنی دوو موچەی مامۆستایان پێش جەژنی نەورۆز ڕونکردنەوە دەدات.
A+    A-

 

عەبدولواحید محەمەد سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ڕایگەیاند، "ھەروەک پێشتر لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردەوە  ڕاگەیەنراوە، بەگوێرەی بەدواداچونی ئێمەش، حکومەتی ھەرێم پارەی دابینکردوە بۆ پێدانی موچەی وەزارەتی پەروەردە".


ناوبراو وتیشی:"حکومەتی بۆخۆیشی ئەوەی ڕاگەیاندوە، کە لەھەفتەی داھاتودا لەڕۆژانی یەکشەممەو دوشەممە دەست بەدابەشکردنی موچەکە دەکات".


عەبدولواحید محەمەد سەبارەت بەموچەکەی بەغداش وتی:"ئەو موچەیە تەنھا قسە لەسەر ناردنی کراوە پێش نەورۆز، بەڵام تائێستا لای ئێمە میکانیزمەکە ڕون نییە کە ئاخۆ چۆن دەدرێت، چونکە ئەوەندەی ئاگادارین وەزارەتی دارایی و پەروەردەش زانیاری تەواویان لەلایەن بەغداوە  پێنەدراوە، کە چۆن پارەکە دابەشدەکرێت".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "چاوەڕوان ناکرێت ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغدا موچەکانیان یەکبخەن بەیەکەوە  دابەشی بکەن، بەڵام بەگوێرەی ھەموو ئەو زانیاریەکان، پێش نەورۆز ھەردوو موچەکەی ھەرێم و بەغداش بەپەروەردە دەدرێت".


لای خۆشیه‌وه‌ عومەر محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دەربەندیخان به‌ سایتی تۆڕه‌ی هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندووه‌، "شەوی ڕابردوو لەلایەن بەڕێوەبەری ژمێریاری پەروەردەی گشتیی سلێمانیەوە ئاگادارکراوینەتەوە، کە ئەمڕۆ ١٥/٣/ ٢٠١٨ لیستی بێ پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبکەین، چاوەڕواندەکرێت یەکشەممەی داھاتوو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت".


وتیشی:"پێشتر ئێمە لیستمان بۆ بەغدا ئامادەنەکردوە، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ لیستەکان ئامادەبکرێن و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خەزێنەکان دەکرێن و تا ڕۆژی یەکشەممە  سەرجەم کارەکان بەکۆتابھێنرێن و ئەگەر بڕیاری خەرجکردنی پارە لەبەغداوە بدرێت ئێمە کارەکانمان بەکۆتا ھێنابێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان