په‌یه‌ده‌: حكومه‌تی هه‌رێم بەرامبەر دۆخی عه‌فرین كه‌مته‌رخه‌مه‌


نەتەوە  |   14:01:15 2018-03-14  |   (529) جار خوێندراوەتەوە

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، "حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی دۆخی عه‌فرینه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ و تاوه‌كو ئێستاش هه‌ڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرای له‌ به‌رامبه‌ر وڵاتی توركیا نییه‌"، ئاشكراشی ده‌كات، توركیا ده‌یه‌وێت كورد قڕبكات، هه‌موو كوردستان له‌ عه‌فرینه‌وه‌ تا كه‌ركووك داگیر بكات.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 14/3/2018، شاهۆز حوسێن، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند "هاتووینه‌ته‌ هه‌ولێر بۆئه‌وه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی دۆخی ئێستای كانتۆنی عه‌فرین بۆ هاووڵاتیان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌  54ڕۆژه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ هێرشی ده‌كرێته‌سەر، چونكه‌ ڕه‌وشی ئێستای عه‌فرین زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانەوە".


ناوبراو رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و به‌رگرییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عه‌فرین ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادیه‌، ئێستا له‌ عه‌فرین بریندار و شه‌هید و وێرانكاری هه‌یه‌، ئه‌و هێرشه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیاش به‌مه‌به‌ستی داگیركردنه‌ كه‌ هه‌مان بیرۆكه‌ی قاعیده‌ و داعشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین داگیربكات و ئه‌و تیرۆرستانه‌ی داعش و قاعیده‌ له‌وێ نیشته‌جێبكات".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، توركیا ده‌یه‌وێت كورد قڕبكات، هه‌موو كوردستان له‌ عه‌فرینه‌وه‌ تا كه‌ركووك داگیر بكات، ده‌وڵه‌تی توركیاش هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ هێرشناكات، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی كه‌ رووسیا ڕێگه‌ی داوه‌، سنوری ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی به‌زاندووه‌.


ئاشكراشیكرد، هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ئۆتۆمبێله‌كانی فریاگوزاری ته‌ندروستی و شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌كانی كورد له‌ عەفرین ده‌كانە ئامانج، جگه‌له‌وه‌ی توركیا چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو به‌كارده‌هێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش پێشێلكاریه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ.


هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌مه‌ و وه‌ك پێویست هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی دۆزی عفرین ده‌رنه‌بڕیوه‌ و به‌ ڕوون و ئاشكرایی ڕایناگه‌یه‌نێت كه‌ دژی هێرشه‌كانی توركیایه‌ بۆ سه‌ر عەفرین".


ڕوونیشیكرده‌وه‌، وڵاتانی جیهانی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێده‌نگن له‌ ئاست ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر سوریا ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌تا عه‌فرین كه‌ هه‌رێمێكی ئارام بوو، 400 هه‌زار ئاواره‌ی له‌خۆگرتبوو، ئاواره‌كانی ناوی له‌ژێر بۆردومانی فڕۆكه‌کانی توركیا جارێكی دیكه‌ ڕاده‌كه‌ن و جارێكی دیكه‌ ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌.


ناوبراو، داواشی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد له‌چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و مافی مرۆڤ و مافی ژیان، بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بده‌ن و هێرشه‌كانی سوپای توركیا ڕابگرن و ئه‌و سوپایه‌ له‌ سوریا ده‌ربكه‌ن.
 
















زۆرترین بینراوەکان