عەبادی باسی مووچە و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و پێشمەرگە دەکات 


نەتەوە  |   13:38:57 2018-03-14  |   (1,508) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئێستا بە سەردانێک لە موسڵە،  باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
A+    A-

 

حه‌یده‌ر عەبادی لە شارۆچکەی بەرتلە لەبارەی پێکەوەژیان بەشداری کۆنگرەیەکی کرد و لە وتارێکدا لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هه‌رێم رایگەیاند: "نامانەوێت ستەم  لە کەس بکەین، دوێنێ فەرمانمان دەرکرد لە چوارچێوەی دەستوور فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، دەسەڵاتی فیدراڵی لە فڕۆکەخانەکان دەبێت، برایانی هەرێم رازیبوون بە دەسەڵاتی فیدراڵی لە فڕۆکەخانەکان و ئەوانیش دەستیان بە رێوشوێنی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کردووە".


ناوبراو لەبارەی مووچەش رایگەیاند: "خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە مووچە دەنێرین، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابین کە مووچە دەچێتە گیرفانی کەسانی شایستە، ئەوەش پێویستی بە هەندێک کاری تەکنیکییە".


سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی پێشمەرگەشی کرد و وتی: " پێشمەرگە و سوپای عێراق لە موسڵ پێکەوە شەڕی داعشیان کرد و سەرکەوتن". ئاماژەی بەوەشدا کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ دەستیان بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ موسڵ کردووە.


بابەتێکی دیکەی قسەکانی عه‌بادی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو و رایگەیاند: "گەندەڵی زیاتر لە تیرۆر هەڕەشەیە، چونکە دووژمنێکی دیارنییە و تایەفەگەری و تیرۆر هەردووکیان هەڕەشەن بۆ سەر عێراق".


دووپاتیشیكرده‌وه‌، "دەمانەوێ گورزی تووند لە گەندەڵی بووەشێنین، بە هەنگاوی پلانداڕێژراو ئەنجامەکان دەبینن".

جێی باسه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ راستەوخۆ ئاگاداربوون لە رەوشی موسڵ ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە شارەکە، لە شارۆچکەی بەرتللەی دەشتی نەینەواش لەبارەی پێکەوەژیان بەشداری کۆنگرەیەکی کرد.
 
















زۆرترین بینراوەکان