به‌رپرسێك: گیانی ئه‌ندامانی ئه‌م حزبانه‌ له‌ هه‌رێم پارێزراو نییه‌


نەتەوە  |   00:30:00 2018-03-14  |   (418) جار خوێندراوەتەوە

به‌رپرسی حزبێكی كوردستانی باس له‌وه‌ده‌كات، "گیانی هیچ بەرپرس و ئەندامێكی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان پارێزراو نییە و بەردەوام هەڕەشە و مەترسی لەسەر گیانیان هەیە".
A+    A-

 

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران سوربێت و بەردەوامبێت لە تیرۆركردنی ئەندام و دۆست و لایەنگرانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوكات ئێمەش دەستەوەستان ناوەستین و مافی بەرگری رەوا بەكاردەهێنین و دژی هەر چەشنە "كارێكی تیرۆریستی" دەوەستینەوە و دژ كردەوە بەكاردەهێنین.


وتیشی "پارێزراو نەبوونی ئەندام و بەرپرس و كەسوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم، دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و سەروەری خاكەكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەركی پاراستن و سەلامەتی گیانی گشت ئەندامان و تێكۆشەرانی رۆژهەڵات دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم".


ئەو بەرپرسەی حزبی دیموكرات له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ سایتی دوارۆژ ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە حكومەتی هەرێم بە هەستیارییەوە چاودێری و مامەڵە لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكات و بوار نەدات كە كاری تیرۆریستی بەرامبەریان بكرێت.


قادری جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هەر دەرفەتێك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بڕەخسێت "كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات" و ئەوەندەی پێی بكرێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێت "تیرۆری" ئەندام و بەرپرس دەكات و تەنانەت كەسوكاری تێكۆشەرانی ئێمەش دەكاتە ئامانج.
 
















زۆرترین بینراوەکان